لەیادی 119 ساڵەی رۆژنامەگەری کوردی

Kurd24

نزیکەی پەنجا ساڵە لە 22ی نیسان یادی رۆژنامەگەری کوردی دەکرێتەوە، ئەم یادە لەپاش ڕاپەڕین بایەخی زۆرتر پێدەدرێ و هەندێک جار لە نووسینی گوتار و قسە و خوتبەی جوان دەردەچیت و خەڵاتیش بەسەر چەند رۆژنامەنووسێک دابەش دەکرێ. ئەم جەژن و یادانەی سەرەوە لە 26 ساڵی ڕابردوو قەت نەتواندرا رێکبخرێت و هەموو ساڵ و هەموو جار وەزارەتێک، دەزگایەک یان ڕێکخراوێک پێی هەڵبستێ، بەڵکو یادکردنەوەی وەک مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردی پچر پچڕ و پڕ لەکەموکورتییە.

مێژووی رۆژنامەگەری کوردی بە دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردی (کوردستان) لە ساڵی 1898 دەستپێدەکا، کە بەهەژاری و لە دوورە وڵات لەدایک بوو. گرنگی دەرکردنی یەکەم رۆژنامەی کوردی بە زمانی کوردی جگە لە ناو (کوردستان)، لە ناوەڕۆک و نووسینیش بەزمانی کوردی، کە پێشتر زیاتر تەنیا قسەی پێدەکرا و شعری پێدەنووسرا، زۆر بە دەگمەنیش لەلایەن رۆژهەڵاتناسان بیرەوەری و مێژوو و ئەدەبیاتی پێدەنووسرا.

ئەم رۆژنامەیە لەماوەی پێنج ساڵ لە پێنج وڵات و ئەوەی تا ئێستا ئاشکرایە بەهەمووی 31 ژمارەی لێدەرچووە، لەگەڵ ئەوەش، بەدرێژایی مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردی (119 ساڵ) نەتواندرایە لێکۆڵینەوەیەکی باش و پێویست لەسەر یەکەم رۆژنامەی کوردی بنووسرێ، ئەگەرچی ژمارەکانی بە ئاسانی لە کتێبخانە و بازاڕەکان دەست دەکەون و کۆمەڵێک جاریش ئەلبومەکە لە چل ساڵی ڕابردوو چاپکراوەتەوە (جگه‌ له‌ ژماره‌ 19).

نەک تەنیا توێژینەوەی جوان و باش و پێویست لەسەر یەکەم رۆژنامەی کوردی نەکراوە، بەڵکو زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی دیکەش پاش دەرچوون بێناز کەوتوون و کەس تخونیان ناکەوێ.

لەوانەیە لەبیرکردن و ئەم پشگوێخستنە هۆیەکی گەورەبێت، کە ئێمە ڕەوشی رۆژنامەگەری کوردی بەوشێوەیەی ئێستا بە پەڕپووتی دەبینین، چونکە ئەگەر رۆژنامەنووسێک مێژووی رۆژنامەگەری میللەتی خۆی نەزانێ، ئەگەر رۆژنامەنووسێک نەزانێ، پێشتر ژانرەکان چۆن کاریان پێکراوە، گرانە لە گرنگی کاری ئەمڕۆی خۆیان تێبگەن و سوودیش لە ئەزموونی ئەوان وەربگرن.

ئەگەر رۆژنامەنووسانی ئێستا، نەزانن یان تێنەگەن، بەر لە نزیکەی سەد ساڵ و لەسەردەمی حکومەتی شێخ مەحمود، ڕێپۆرتاژ جوانتر و تەواوتر لە ئێستا دەنووسرا، بەشێک لە گوتارەکان تێرتربوون، ئەو ناتوانێ بۆپێشەوە بچێت و کاری جوانتر ئەنجام بدا.

مێژووی رۆژنامەگەری کوردی 293 ساڵ لەدوای دەرکردنی یەکەم رۆژنامە لەجیهان دەستپێدەکا. یەکەم رۆژنامە لەجیهان لە ئۆکتۆبەری 1605 لە ئەڵمانیا بەناوی Ordinarie Zeitung لە شاری Strasbourg لەلایەن Johann Carolus دەرچوو، کە تا پێش ماوەیەک مێژووی یەکەم رۆژنامە لەجیهان ساڵی 1609ی بۆدیاری کرابوو.

جگە لەوە لە ساڵی (1620) ەوە رۆژنامە لە کۆمەڵێک وڵاتی ئەوروپی (فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا...هتد) بەڕێکوپێکی دەرچوون. لەوانەیە 293 ساڵ بۆ مێژوو زۆر نەبێت، بەڵام بۆ رۆژنامەگەری زۆرە و بەتایبەتیش، لەوکاتەی دەزانین، رۆژنامەگەری لە ئەوروپا بەیەکەم رۆژنامە دەستیپێکرد و دواتر بەردەوامبوونی هەبوو و بە ڕێک و پێکی لەکاتی خۆی دەردەچوو و کێشەی گواستنەو و زمانی نووسین و چاپخانەشیان وەک ئێمە نەبوو.

رۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەوان لە وڵاتی خۆیان بەئازادی دەردەچوون وەک لکێکی گرنگی پیشەسازی پیشوازی لێکرا و خەڵکێکی زۆر پێیەوە سەرمایەیەکی زۆریان لە ڕێگەی ڕۆژنامە و گۆڤار و چاپەمەنییەوە پێکەوەنا.ڕەوشی ڕاگەیاندن و ئازادی نووسین و قسەکردن، نەک تەنیا لە کوردستان بەڵکو لە هەموو جیهان پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیانی سیاسی و ئارامی و هێمنی وڵاتەوە هەیە.

لەوکاتەی شەڕ و ناخۆشی لەئارادایە، بێگومان ئازادی کەم تا زۆر خەفە دەکرێ، رەقابە پەیدا دەبێت و ژیان و کاری رۆژنامەنووس گرانتر دەبێ، چونکە کەسی رۆژنامەنووس جگە لەوەی لەلایەن حکومەت، حزب، سەرنووسەر یان بەڕێوەبەر، توشی رەقابەی زاتی خۆشی دەبێت، مێشکی کلیل دەدرێ و بێئەوەی کەس ئاگاداری بکاتەوە، خۆی خۆی کۆنترۆڵ دەکات و لەوکاتیش پیشوەچوون نامینێ، خەون و داهێنان نامینێ و تاکی هاووڵاتی لە نووسین و بەرهەمی زۆر جوان بێبەش دەبی.