پەرلەمانتارێك: سەرۆك كۆمار لەسەر كێشەكانی كورد لە عێراق رۆڵی نییە

"سەرۆك كۆمار كە رۆڵی خۆی نابێنێ نەك تەنھا كاریگەری لەسەر پڕۆسەی سیاسی عێراق ھەیە، بەڵكو كاریگەری لەسەر بەشداری سیاسی كورد لە بەغدا ھەیە"
kurdistan24.net

 

 K24- بەغدا

موسەنا ئەمین پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی بە كوردستان24 گوت: "دەسەڵاتەكانی فوئاد مەعسوم وەك سەرۆك كۆماری عێراق ئەگەر بەباشی پیادە بكرێن دەسەڵاتی گرنگن بۆ دروستبوونی ھاوسەنگی لە بڕیاری سیاسی لە بەغدا، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا سەرۆك كۆمار دەسەڵاتەكانی وەك پێویست پیادە نەكردووە".

گوتیشی: "ئێمە نیوەی تەمەنمان لێرە بە دەست پارەی جوتیارەوە لە بەغدا بەڕێكرد، سەرۆك وەزیرانی عێراق تانە لە دارایی گشتی عێراق دەدات كە 700 ملیۆن دیناری بۆ ھەڵەبجە دابینكردووە، سەرۆك كۆمار لێی بێدەنگە، بێ مووچەی  خەڵكی كوردستان و مەسەلەی كەركووك ئەو قەیرانەی كە دروستكرا، سەرۆكایەتی كۆمار بە دەركردنی بەیاننامە مامەڵەی لەگەڵ كرد، دەبوایە بە كۆبوونەوە لەگەڵ فراكسیۆنەكان بۆ ھێوركردنەوەی بارودۆخە رۆڵی ھەبوایە".

موسەنا ئەمین راشیگەیاند: "سەرۆك كۆمار كە رۆڵی خۆی نابێنێ نەك تەنھا كاریگەری لەسەر پڕۆسەی سیاسی عێراق ھەیە، بەڵكو كاریگەری لەسەر بەشداری سیاسی كورد لە بەغدا ھەیە، ئێستا زۆربەی پۆستەكانی كورد لە بەغدا بەتاڵن، وەزارەتی دارایی بەنموونە سەرۆك كۆمار ھەڵوێستی نییە".

لەبارەی سەردانی ئەمڕۆی سەرۆك كۆمار بۆ پەرمان و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان و فراكسیۆنەكان موسەنا ئەمین گوتی: "بە بڕوای من كۆبوونەوەكە، كۆبوونەوەیەكی موجامەلات و پڕۆتۆكۆلی بوو".