دوایین زانیاری لەبارەی شەڕەكەی باداوە

"شەڕەكە لەنێوان دوو بنەماڵە لەسەر كێشەی كۆمەڵایەتی روویداوە"

K24 - ھەولێر

درەنگانی شەوی رابردوو شەڕ لە نێوان دوو بنەماڵە لە گەڕەكی شاری ھەولێر روویداو، پۆلیسی ھەولێر زانیاری لەبارەی رووداوەكە ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت، لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەستیپێكردووە.

نەقیب ھۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر بە كوردستان24 گوت: "شەوی رابردوو شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵە لە گەڕەكی باداوەی شاری ھەولێر روویدا و تەقەی زۆركرا، بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە ھێزەكانی پۆلیس و ئاسایش گەیشتنە شوێنی رووداوەكە، شەڕەكە لەسەر كێشە كۆمەڵایەتی بووە لەنێوان ئەو دوو بنەماڵەیە".

لەبارەی زیانی گیانی گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر گوتی: "خۆشبەختانە شەڕەكە زیانی گیانی لێ نەكەوتووەتە، بەڵام كاتەكە درەنگی شەو بووە و دەنگی تەقە ترسی لای ھاووڵاتیانی گەڕەكی باداوە و دەوروبەری دروستكردووە".

گوتیشی: "لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەستیپێكردووە، بۆ ئەوەی ئەو كەسانە سزابدرێن كە تەقەیان كردووە و دەبنە ھۆكاری تێكدانی ئارامی نانەوەی پشێوی لە ھەولێر".