جۆری ئەو ماددە كیمیاییە دیار دەكرێت كە داعش بەكاریدەھێنێ

نموونەی رەوانەی تاقیگە كراوە چاوەڕێی ئەنجامەكە دەكەن

K24 - ھەولێر

بەرپرسێکی سەربازی ئەمریکا رایگەیاند، بۆ لێکۆڵینەوە و دیاریکردنی جۆری ئەو ماددە کیمیاییەی چەکدارانی داعش لە هێرشێکیاندا بۆ سەر هێزەکانی عێراق لە مووسڵ بەکاریانهێناوە، نموونەیەکیان رەوانەی تاقیگەکردووە و چاوەڕوانی ئەنجامەکەی دەکەن.

جۆزیڤ مارتن، فەرماندەی هێزەکانی وشکانی هاوپەیمانان لە عێراق رایگەیاند، چەکدارانی داعش لە هێرشێکدا بۆ سەر هێزەکانی عێراق لە رۆژئاوای مووسڵ ماددەی کیمیاییان بەکارهێناوە، بەڵام ئەو هێرشە هیچ کاریگەرییەکی نەبووە، تەنانەت، بەهۆی ئەو ماددە کیمیاییە هیچ کەسێک برینداریش نەبووە.

 ئاماژەی بەوەشدا، راوێژکارە ئەمریکییەکان لە پاڵ هێزەکانی عێراقن بەردەوام راوێژ بە هێزەکانی عێراق دەدەن.

ئەمە لەكاتێكدایە لەسەرەتایی ھاتنی داعش بۆ عێراق ئەو رێكخراوە چەندین جار چەكی كیمیایی دژی ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەكارھێناوە، ھەفتەی رابردووش شانه‌ی راگه‌یاندنی جه‌نگی هێزه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌ داعش بۆ پێشگرتن به‌ پێشڕه‌وی هێزه‌كانیان چه‌كی كیمیایی به‌كارهێناوه‌ و كاریگه‌ری لەسەر ھێزەكانیان ھەبووە.