كچه رۆژنامه‌نووسێك په‌یوه‌ندی له نێوان ئه‌ردۆغان و ئه‌ستێره‌یه‌كی هۆلییوود درووستكردووه
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی " The Times " بریتانی بڵاویكردووه‌ته‌وه، كچه رۆژنامه‌نووسێكی نزیكی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیا، له پشت دروستبوونی په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌ردۆغان و ئه‌كته‌ری ناوداری ئه‌مریكی " لیندسی لۆهان "ـه‌وه‌یه.
The Times چاوی به " هیلال كاپلان " ئه‌و رۆژنامه‌نووسه توركه كه‌وتووه و گوتوویه‌تی " له كاتی سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی هونه‌رمه‌نده ئه‌مریكییه‌كه، من دیداری نێوان ئه‌ردۆغان و لۆهانم رێكخستووه".
هیلال كاپلان، ته‌مه‌نی (35 ساڵه) و چالاكوانێكی كۆمه‌ڵایه‌تیییه و له زۆر چالاكی بۆ داواكردنی هه‌ڵگرتنی قه‌ده‌غه‌ی سه‌ر سه‌رپۆش و رووپۆش له قوتابخانه و زانكۆكانی توركیا به‌شداری كردووه. له بواری سیاسیش‌دا وتاری بۆ رۆژنامه‌ی (Taraf وYenişafak وSabah ) توركی نوسیووه.
به‌گوێره‌ی دیدارێكی كه له به‌شی توركیی پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی BBC بلاوكراوه‌ته‌وه، كاپلان ده‌ڵێت " به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌ستێره‌یه‌ی هۆلییوود، بایه‌خی به كاروباری په‌نابه‌ره سوورییه‌كان داوه، كه ئێستا توركیا میوانداریی 3 ملیۆن له‌و ئاوارانه‌ی كردووه، حه‌زمكردووه ئه‌و دیداره‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆككۆمار بۆ رێكبخه‌م".
ئه‌ستێره‌كه‌ی هۆلییوود، مانگی یه‌نایه‌ری رابردوو، سه‌ردانی ئه‌ردۆغانی كرد، ئه‌مینه‌ی هاوسه‌ریشی له كۆشكی كۆماری بینی، له‌و دیداره‌شدا ئه‌و منداڵه سوورییه ئاماده‌بوو، كه له‌كاتی گه‌مارۆی سه‌ر شاری حه‌له‌بی سووریدا، له رێگه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه جیهانی ده‌ره‌وه‌ی له رووداوه‌كان ئاگادار ده‌كرده‌وه.
هیلال كاپلان بیری رۆژنامه‌ی The Times خستووه‌ته‌وه كه لیندسی ته‌مه‌ن 30 ساڵان، ویستوویه‌تی سه‌ردانی یه‌كێك له خێوه‌تگاكانی په‌نابه‌رانی سووریی له توركیا بكات، سه‌ره‌تا داواكارییه‌كه‌ی جێگه‌ی گومان بوو له لام، به‌ڵام لۆهان زۆر راستگۆ ده‌رچووه‌و زۆر به گه‌رمی و لوتفه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئاواره‌كاندا كرد، ئه‌وكاته‌شی لۆهان گووتی ده‌مه‌وێت سه‌رۆك ئه‌ردۆغان بناسم، بۆ منیش نێوه‌ندگیریم له نێوانیاندا كرد".
رۆژنامه بریتانییه‌كه له كۆتایی راپۆرته‌كه‌یدا، لیندسی لۆهانی به "هاوڕێیه‌كی به نرخی ئه‌ردۆغان" ناوبردووه و ئاماژه‌یشی به‌وه‌كردووه كه به‌هۆی سه‌ردانی ئه‌ردۆغان، له میدیای رۆژئاوادا رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌یه‌كی زۆر بووه‌ته‌وه.