ھۆكاری ئاگر كەوتنەوەی كەمپی زانكۆی سلێمانی ئاشكرا دەكرێت

یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی وردەكاری زیاتر بۆ كوردستان24 ئاشكرا دەكات
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لە ھۆكاری ئاگركەوتنەوە لە كەمپی زانكۆی سلێمانی پێكدەھێنرێت و یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانیش دەڵێ: "ئاگركەوتنەوەكە بەھۆی كێشەی ھونەری بووە".

دكتۆر ئاراس زەینەڵ یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بە كوردستان24 گوت: "لە ژێر زەمینی كەمپی زانكۆ ئاگر كەوتووەتەوە، ئەوە كە تا ئێستا بۆمان دەركەوتووە ھۆكارەكە كێشەیەكی ھونەری بووە و چاوەڕێی بڕیاری ئەو لیژنەیە دەكەین كە بۆ لێكۆڵینەوەی لە رووداوەكە پێكھاتووە".

بەگوتەی یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی یەكێك لە ھۆكارەكان كەمی كارمەندی چاككردنەوەیە لە كەمپی زانكۆ، دەڵێ: "پێشتر داوامان لە وەزارەتی دارایی كردووە كەمپی زانكۆ لەلایەن كۆمپانیا بەڕێوە ببرێت، بەڵام رەزامەندی لەسەر نەدراوە".

ئێوارەی دوێنێ ئاگر لە یەکێك لە بەشە ناوخۆییەکانی کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی كەوتەوە، لەكاتی كۆنترڵكردنی ئاگرەكە کارمەندێکی بەرگری شارستانی گیانی لەدەستداو ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون.