نەجمەدین كەریم: كەركووكییەكان ئارامیان نەماوە

دواکەوتنی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی حەویجە لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نییە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکووک رایگەیاند ژمارەیەکی زۆری ئاوارە لە پارێزگای کەرکووک هەن، کە بەشێکیان ناوچەکانیان کۆنتڕۆڵکراونەتەوە، بەڵام ئامادەنین بۆ ناوچەكانیان بگەڕێنەوە.

نەجمەدین كەریم لە ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردی، ئاماژەی بە بوونی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە لە كەركووك كرد، كە قورساییەكی زۆریان خستووەتە سەر شانی خەڵكی كەركووك و "خزمەتگوازییەكانی وەك ئاو، كارەبا،  دەرمان،  قوتابخانە و رێگاوبان لەگەڵ ئەو ئاوارانە دابەشكردووە. بەڵام سەبری خەڵكی كەركووك تا ھەتاھەتایی بەردەوام نابێت".

گلەیی ئەوەشی دەكات "ھەندێ لە ئاوارەكان، زیاتر لە دوو ساڵە ناوچەكانیان رزگاركراون، نەگەراونەتەوە".

داواشی لە حکومەتی عێراق كرد بەزووترین کات کار بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بكات.

لەبارەی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی حەویجە، پارێزگاری كەركوك ئاماژەی بەوەدا دواکەوتنی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی حەویجە لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێکدا نییە.