گۆڕانکارى لە سیستمی وەرگرتنى خوێندکاران لە زانكۆ دەکرێت

"دەرچووانى لقى زانستى پۆلى 12 ئامادەیى بۆ پێشکەشکردنى داواکارى وەرگرتن لە کۆلێژ و بەشەکانى (کۆمەڵەى پزیشکى، ئەندازیارى، زانست) دەتوانن تەنها نمرەى وانە پەیوەندیدارەکان ئەژمار بكەن"

K24 - ھەولێر

ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ساڵى خوێندنى 2017-2018 کۆمەڵێک گۆڕانکارى لە ناوەندى وەرگرتن و سیستمى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆکان پەسند کرد.

بە گوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا كە وێنەیەكی بۆ كوردستان24 نێردراوە، تێیدا ھاتووە: "ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا کۆمیتەى باڵاى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆکان، ئاشكرای كرد كە بۆ خوێندنی ساڵی داھاتوو گۆڕانكاری لە سیستمی وەرگرتنی خوێندكارانی زانكۆ دەكرێت".

وەك لە راگەیەندراوەكەدا لە زاری د.محەمەد سابیر بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون راگەیەندراوە: "بەئامانجى زووتر دەستپێکردنى دەوامى خوێندکارانى قۆناخى یەکەم لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاریدا بۆ ساڵى خوێندنى 2017-2018 راگەیاندنى وەرگرتنى ناوى خوێندکارانى  بەدوو قۆناخ بێت، بەشێوەیەک بۆ هەر قۆناخێکى دەرچوون رێژەیەکى گونجاو لە پلانى وەرگرتنیان بۆ دانراوە".

بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون راشیگەیاندووە: "لەمەودوا دەرچووانى لقى زانستى پۆلى 12 ئامادەیى بۆ پێشکەشکردنى داواکارى وەرگرتن لە کۆلێژ و بەشەکانى (کۆمەڵەى پزیشکى، ئەندازیارى، زانست) دەتوانن تەنها نمرەى وانە پەیوەندیدارەکانى وەك(فیزیا، کیمیا، بیرکارى، زیندەوەرزانى، زمانى ئینگلیزی) ئەژمار بکەن و ئەژمارکردنى نمرەى وانەکانى دیكە بۆ ئەوان ئارەزومەندانە دەبێت".

گۆڕانکارى لە سیستمی وەرگرتنى خوێندکاران لە زانكۆ دەکرێت
گۆڕانکارى لە سیستمی وەرگرتنى خوێندکاران لە زانكۆ دەکرێت