ئەكرەم شەریف: دەستبەرداری مافی یاسایی خۆم دەبم

"لەمەودوا وەك ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەستبەكاردەبمەوە"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

ئەكرەم شەریف كە پێشتر كاندیدی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بوو لە پشكی یەكێتی، دواتر بە بڕیارێكی حزبەكەی كەسێكی دیكە بۆ ئەو پۆستە دیاركرا، لەبەرامبەردا سكاڵای یاسایی لە دادگا تۆماركرد و ناڕەزایی خۆی دژ بەو بڕیارەی حزبەكەی راگەیاند، بەڵام ئێستا دەڵێ، دەستبەرداری مافی یاسایی خۆی دەبێت.

ئەكڕەم شەریف بە كوردستان24 گوت: "تا ئێستا سكاڵام لە دادگا نەكشاندوەتەوە، بەڵام لە رێگەی پارێزەرەكەمەوە رامگەیاندووە كە دەستبەرداری مافە یاساییەكەی خۆم بووم".

گوتیشی: "ماوەیەكی زۆرە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی كۆنەبووەتەوە، بۆیە لەپێناو كۆتایی ھێنان بەو كێشە سیاسی و یاسایی و ئیدارەییەی لە پارێزگای سلێمانی ھەیە، ئەگەر من بەشێك بم لە كێشەكە ئەوە من دەسبەرداری مافە یاساییەی خۆم بووم".

راشیگەیاند: "لەمەودوا وەك ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەستبەكاردەبمەوە".

لەبارەی دەنگۆی بوونی بە قایمقامی سەیدسادق ئەكرەم شەریف دەڵێ: "بە فەرمی لە ئاستی باڵای یەكێتی داوام لێكرا كە دەستبەرداری مافی یاسایی خۆم بم  و پۆستی قایمقامی سەید سادق وەربگرم، ئەو داواكارییەم قبوڵ كرد و 60% رێكارە یاساییەكانیش تەواو كرابوون، بەڵام دوای ھەستم كرد كێشەیەك بۆ بڕیارەكە دروست بووە، لەبەر ئەوە بڕیارمدا نەبم بەھۆكار بۆ كێشەكان".