43ساڵ بەسەر بۆردوومانی گەڵاڵە تێدەپەڕێت

رژێمی بەعس بە چەكی قەدەغەكراو پردی گەڵاڵەی بۆردوومان كرد
kurdistan24.net

K24 - باڵەكایەتی

43ساڵ لەمەبەر رژێمی بەعسی لەناوچوو، شارۆچكەی گەڵاڵەی دەڤەری باڵەكایەتیان بۆردوومان كرد و زیاتر لە 100 كەس شەھید و برینداربوون.

عەبدوڵڵا حەمەد یەكێكە لە شایەتحاڵەكانی بۆردوومانی گەڵاڵە بە كوردستان24 گوت: "ئەو كات ھێزی بەرگری میللی ھەبوو، لە خەڵكی ناوچەكەیان ئاگاداركردەوە كە فڕۆكەكانی بەعس پردی گەڵاڵەیان بۆردوومان كردووە".

گوتیشی: "ئەوكات گەڵاڵە زۆر قەرەباڵغ بوو ھەندێك لە ھاووڵاتیانی خەڵكی رۆژھەڵات دوكانیان لە گەڵاڵە دانابوو شوێنێكی بازرگانی بوو، لەوكاتەی فڕۆكەكان بۆردوومانیان كرد زۆربەی خەڵك بۆ خۆ پاراستن لە ژێر بەردێكی گەورە كۆبوونەوە، فڕۆكەكە بۆمبێكی ناپاڵمی لە بەردەكەدا، خەڵكێكی زۆر شەھید و برینداربوو، ھەندێك لە تەرمەكان ناسنامەیان نەبوو، ھەروەھا تەرمەكان شێوابوون و تێكەڵ بەشێكیان ئەندامانی جەستەیان پێوەنەمابوو، 24 تەرممان بردە چۆمان لەوێ بەخاكمان سپاردن".

ناحیەی گەڵاڵەی سەر بە قەزای چۆمانی سنووری پارێزگای ھەولێر، یەكێك بوو لە ناوەندە گرنگەكانی سیاسی و سەربازی ئەوسای شۆڕشی ئەیلول، لە ھەمانكاتدا ناوەندێكی بازرگانی بووە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان باشوور و رۆژھەڵاتی كوردستان لە گەڵاڵە كراوە، ھەر بۆیە رژێمی بەعسی عێراق چەندین جار گەڵاڵەی كردووەتە ئامانج.