په‌رله‌مانی عێراق هێرشه‌كانی توركیا له‌ شنگال و ناوچه‌ سنوورییه‌كان سه‌ركۆنه‌ ده‌كات

لیژنەی ئاسایش و بەرگری داوای تۆماركردنی سكاڵا دژی توركیا دەكات

K24 – هه‌ولێر

په‌رله‌مانی عێراق له‌ دانیشتنی ئه‌مرۆی خۆیدا هێرشه‌كانی توركیای بۆ سه‌ر شنگال و ناوچه‌ سنوورییه‌كان شه‌رمه‌زار كرد.

ئاوات خەیروڵڵا، پەیامنێری كوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند ھەرچەندە باسی بۆردوومانی شنگال لەنێو كارنامەی ئەمڕۆی پەرلەمان نەبوو، بەڵام لیژنەی ئاسایش و بەرگری راپۆرتێكی ئامادەكردووە لەبارەی بۆردوومانی شنگال لەلایەن فڕۆكەكانی توركیا و داوای دەكات جگە لەوەی سەركۆنەی بۆردوومانەكە بكرێت، پەرلەمانی عێراق بڕیارێك دەربكات بۆ ئەوەی لە نەتەوە یەكگرتووەكان سكاڵا دژی توركیا تۆماربكرێت".

فرۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیا رۆژی  سێشه‌ممه‌ی رابردوو 25 نیسان هێرشیان كرده‌ سه‌ر چیای شنگال و چیای قه‌ره‌چووغ له‌ رۆژئاوای كوردستان.

له‌ بۆردومانی چیای شنگال، پێنج پێشمه‌رگه‌ شه‌هیدبوون و نۆی دیكه‌شی بریندار بوون.

له‌ هیرشی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر باره‌گای فه‌رمانده‌یی یه‌په‌گه‌ له‌ چیای قه‌ره‌چووغ، 20 شه‌ڕڤان شه‌هیدبوون و 18 دیكه‌شی برینداربوون.