وەزیری دەرەوەی قەتەر عەبادی بە درۆ دەخاتەوە

قەتەر بە شێوەیەكی فەرمی و ئاشكرا پارە بۆ رزگاركردنی ھاووڵاتییانی رفێندراوی خۆی لە عێراق رەوانە كردووە

K24 - ھەولێر

وەزیری دەرەوەی قەتەر محەمەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی رایگەیاند ئەو پارانەی بۆ عێراق رەوانەكراون، بە شێوەیەكی فەرمی و ئاشكرابووە. بۆ ھەوڵەكانی دەسەڵاتی عێراق  بووە بۆ ئازادكردنی رفێنراوانی قەتەر لە ناوخۆی عێراق.

وەزیری دەرەوەی قەتەر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رایگەیاند ئەم پارەیە لە رێگەی قاچاغەوە نەچووەتە ناو عێراق، ھەروەك سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی باسی لێوە كردبوو، بەڵكو بە شێوەیەكی فەرمی بووە و بە ئاشكرا لە جانتای ئاسایی دانرابوون و مۆری دیپلۆماسیش لێنەدرابوو بۆ ئەوەی نەپشكێندرێت.

گووتیشی حكومەتی قەتەر دەیەوێت یارمەتی حكومەتی عێراق بدات، بەڵام ئەگەر ئەوان پێویستیان بەم یارمەتییە نییە، بەپێی رێوشوێنە یاساییەكانی عێراق ئەو پارانە بۆ قەتەر دەگەڕێینەوە.

محەمەد بن عەبدولرەحمان لە بەشێكی دیكەی قسەكانی گووتی حكومەتی قەتەر پابەندە بە پێشێل نەكردنی سەروەری وڵاتان و یاسا نێودەڵەتییەكان و دەست نەبوونی لە پرسەكانی وەك شوردنەوەی پارە.

ھەر لەم بارەوە، وەزیری دەرەوەی قەتەر ئاماژەی بەوەدا، "وڵاتەكەی مامەڵە لەگەڵ گرووپە چەكدارانی دەرەوەی دەسەڵات ناكات و ئەگەر ئەم پارەیە لە لایەن حكومەتی عێراق بۆ یارمەتیدانی ئەو گرووپانە بەكاردێت، ئەوا پەیوەندی بە عێراقەوە ھەیە، نەك قەتەر".

لەبارەی رفێنراوانی ھاووڵاتیانی لە عێراق، محەمەد بن عەبدولرەحمان باسی لەوە كرد "بە شێوەیەكی فەرمی و بە وەرگرتنی ڤیزا چوونەتە عێراق و لە كاتی رفاندنیان لە ژێر پاسەوانی بەرپرسانی ئەمنی عێراق بوون، نیگەرانیی خۆیشی لە لێدوانێكی عەبادی دەربڕی كە گوتبووی رازی نەبووە بە پێدانی ڤیزا بەم ھاووڵاتییانەی قەتەر.

رفێندراوانی قەتەر پاش ساڵ و نیو لە رفاندنیان لە عێراق ئازادكران.

وەزیری دەرەوەی قەتەر ھەروەھا نیگەرانیی خۆی لە لێدوانێكی دیكەی عەبادی دەربڕی كە گوتبووی بەرپرسانی عێراق ئاگاداری وردەكارییەكانی دانوستان نەبوون، بۆ ئازادكرنی رفێندراوانی قەتەری.

دەشڵێت بە تەواوەتی ئاگاداربوون و لە ماوەی ساڵێك و نیو لە رفاندنیان، حكومەتی قەتەر كەمتەرخەمی نەكردووە بۆ پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و ھەماھەنگییەكی تەواو لە تەواوی وردەكارییەكان ھەبوو. روونیشیكردەوە بەرپرسانی عێراق لە چەندین كۆبوونەوە داوای یارمەتییان لە حكومەتی قەتەر كرد بۆ رزگاركردنی رفێندراوان.

سەرچاوە: ئاژانسی ھەواڵی قەتەر