"ھیچ ئومێدێکم بە پەرلەمان نەما"

مامۆستايه‌كى زانكۆ، به‌توندى ره‌خنه‌ له‌ چوار په‌رله‌مانتاره‌كه‌ ده‌گرێت

K24- هه‌ولێر

دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى نامه‌ى چوار په‌رله‌مانتارى هه‌رێمى كوردستان، كه‌ ئاراسته‌ى په‌رله‌مانى يه‌كێتى ئه‌وروپايان كردبوو، بەھۆی بوونی ھەڵەی زۆرو شارەزا نەبوون لە نووسینی نامەی فەرمی بۆ ناوەندە نێودەوڵەتییەكان، تادێت ناڕەزایی شارەزایان لەسەر ئەو ھەڵە زەق و نەگونجاوانە زیاتر دەبێت.

‌ د. ساقى بارزانى، مامۆستاى زانكۆ و رۆژنامه‌نووس، ره‌خنەی زۆری لەسەر نووسراوی ئەو چوار پەرلەمانتارە نووسیووەو دەڵێت: "تاهه‌نووكە زۆرم پێم سەیر بوو كە رۆژنامەڤانان و میدیای كوردی پڕاوپڕن لە هەڵەی زەقی رێزمانی و نووسین، بەڵام كە كار گەیشتە په‌رله‌مان و پەیوەندییەكانی دەرەوەی و نامە ناردنی فەرمی بۆ یەكێتیی ئەوروپا، هەر بەو كانسێپتە زمانە سەقەتە كوردییەكەی، بەڵام ئەمجارە بە ئینگلیزی، ئیتر هیچ ئۆمێدم بەم په‌رلەمانەش نەما،  گەیشتمە ئەو قەناعەتەی هەر دایخەن باشترە".

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: "په‌رله‌مانێك كە پتر لە ساڵێكە بە ناو باسی مافەكانی گەلی كوردستان دەكات و مێشكی هاووڵاتیان كاس كردووە، دەركەوت كە پتر لە هاووڵاتیان لە خەمی پۆستەكانی خۆیان دان، ئەگینا ئەو هەموو پاڕانەوە و حەیابردنەی لە لای بیانیان لە پای چی؟،  په‌رله‌مانێك كە بەو هەموو دكتۆرە نەتوانێ نامەیەكی رێك وپێكی ئینگلیزیی بنووسێ، سەرۆك په‌رله‌مان و سەرۆك فراكسیونەكانی به‌رده‌وام لە پیاسەدان، بەڵام ناتوانن دوو وشەی ئینگلیزی بدوێن و بە چوار فراكسیۆن ئەم نامەیان نووسیبێ، ئیتر نازانم چی دەكەن لە دەرەوە؟ ئەم هەموو هاتوو هورەیان لە چیە؟".

لە میدیای كۆمەڵایەتیشدا بە فراوانی رەخنە لەو نامەیە گیراوە.

ئەمە لە كاتێكدایە دوێنی دەربارەی سەردانی ئەو پەرلەمانتارانە بۆ دەرەوەی وڵات، سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان روونكردنەوەیداورایگەیاند"ھیچ بانگێشتنامەیەك بۆ سەردانی شاندی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن ئەو ناوەندانەوە نەگەیشتووەتە دەستمان و سەرۆكایەتی پەرلەمان ئاگاداری سەردانی ئەو ئەندام پەرلەمانانە نییە".

وێنه‌يه‌ك له‌نامه‌ى چوار په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى هه‌رێمى كوردستان كه‌ هه‌ڵه‌كان له‌لايه‌ن د. ساقى بارزانى، مامۆستاى زانكۆ ده‌ستنيشانكراون
وێنه‌يه‌ك له‌نامه‌ى چوار په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى هه‌رێمى كوردستان كه‌ هه‌ڵه‌كان له‌لايه‌ن د. ساقى بارزانى، مامۆستاى زانكۆ ده‌ستنيشانكراون