سوپای توركیا ئه‌نجامی هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر چیای شنگال و قەرەچووغ ئاشكرا ده‌كات

باس لە "كوژرانی زیاتر لە 80 پەكەكە" لەم دوو ھێرشەدا دەكات

K24 - ھەولێر

سوپای توركیا  رایگه‌یاند له‌ هێرشه‌كه‌یان بۆ سه‌ر ناوچه‌ی شنگال و رۆژئاوای كوردستان "زیاتر له‌ 80 په‌كه‌كه‌ كوژراون ".

میدیاكانی توركیا له‌ زاری سوپای وڵاته‌كه‌یان بڵاویانكرده‌وه‌، "له‌ هێرشی فرۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر ناوچه‌ی شنگال له‌ باكووری عێراق له‌ رۆژی 25 نیسان، زیاتر له‌ 40 ئه‌ندامی په‌كه‌كه‌ كوژراون و له‌ چیای قه‌ره‌چووغیش له‌ باكووری سوریا، 49 كه‌س كوژران و كه‌ چواریان به‌رپرسانی په‌كه‌كه‌ن".

ده‌شڵیت "زیاتر له‌ 90 كه‌س بریندار بوونه و بۆ چاره‌سه‌ركردن بۆ نه‌خۆشخانه‌كانی باكووری عێراق گواستراونه‌ته‌وه و ره‌وشی ته‌ندروستیشیان ناڵه‌باره‌‌".

بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه‌، چوار رۆژ دوای هێرشی هه‌وایی سوپای توركیا بۆ سه‌ر چیای شنگال و قەرەچووغ لە رۆژئاوای كوردستان له‌ كاتێك دایه‌ كه‌ له‌ رۆژی یه‌كه‌می هێرشه‌كه‌، زیانه‌كانی ئاشكراكران.

 هه‌ر ئه‌و رۆژ، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند له‌ هێرشی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیا بۆ  سه‌ر چیای شنگال "پێنج پێشمه‌رگه شه‌هیدبوون و نۆی دیكه‌شی برینداربوون".

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، رێدوور خه‌لیل گوته‌بیژی یه‌په‌گه‌ له‌ باره‌ی هێرشی فڕۆكه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر باره‌گای یه‌په‌گه‌ له‌ چیای قه‌ره‌چووغ رایگه‌یاند "20 شه‌رڤان شه‌هیدبوون و 18 دیكه‌شی برینداربوون".

فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا رۆژی سێشەممەی رابردوو، ھاوكات ھێرشیانكردە سەر چیای شنگال و چیای قەرەچووغ لە نزیك شارۆچكەی دێرك لە رۆژئاوای كوردستان.