"ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی لە ئەجندای كۆبوونەوەكە بێ ئاگان"

ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی بۆ گفتوگۆكردنی چەند پرسێك كۆدەبێتەوە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی، ئاشكرای دەكات، تا ئێستا كە چەند خولەكێكی ماوە بۆ دەستپێكردنی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی، ئەجندای كۆبوونەوەكە بە دەست ئەندامانی سەركردایەتی نەگەیشتووە.

دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا مەركتەبی سیاسی یەكێتی زنجیرەیەك كۆبوونەوەی ئەنجامدا، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەسەر چەند پرسێكی ناوخۆی كوردستان كۆدەبێتەوە، ئەندامێكی سەركردایەتی ئەو حزبەش بە دووری نازانێ یەكێتی دوایین بڕیاری خۆی لەبارەی ئەنجامدانی ریفراندۆم و كاراكردنەوەی پەرلەمان بدات.

نەسروڵڵا سورچی ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی بە كوردستان24 گوت: "تائێستا ئەجندای كۆبوونەوەكە دەست ئەندامانی سەركردایەتی نەگەیشتووە، بەڵام بێگومان باس لە پرسە ناوخۆییەكانی كوردستان دەكەین".

گوتیشی: "مەكتەبی سیاسی بە بێ سەركردایەتی ھیچ بڕیارێك نادات، بۆیە پێدەچێت لەم كۆبوونەوەیەدا زانیاری و بۆچوونەكان لەبارەی كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی لە چەند رۆژی رابردوو رووندەكرێنەوە و سەركردایەتی لێ ئاگادار دەكاتەوە".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی، بە دووری نەزانی كە لەم كۆبوونەوەیەدا یەكێتی دوا بڕیاری خۆی لەبارەی ئەنجامدانی ریفراندۆم و كاراكردنەوەی پەرلەمان بدات.