"800 چەکدارى پەکەکە خۆیان رادەستى پێشمەرگە کردووە"

"500 له‌و چه‌كداریان‌ له‌ناو ریزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ مه‌شقیان پێده‌كرێت"

K24 - هه‌ولێر:

فەرماندەى فەرماندەیی شنگال رایگه‌یاند:" دواى بۆردومانى فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا بۆ سەر شنگال ورەى پەکەکە زۆر دابەزیوە و رۆژانە چەکدارەکانیان ریزى ئەو گرووپە جێدەهێڵن و تا ئێستا زیاتر لە ٨٠٠ چەکداری پەکەکە خۆیان گەیاندووەتە هێزەکانى پێشمەرگە لە شنگال کە لە کوردى ئێزدى و کوردى تورکیا و سووریا پێکهاتوون، چاوەڕوان دەکەین لە چەند رۆژى داهاتوو ژمارەیەکى زۆر زیاتر ریزەکانى پەکەکە جێبهێڵن".

قاشم شەشۆ ئه‌وه‌شی گوتووه‌" سەرەتا بۆردومانەکانى تورکیا بۆ سەر چیاى شنگال ترس و دڵەڕاوکێی گەورەى لە شنگال و تەواوى ناوچەکە دروست کرد، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ترس و دڵەڕاوکێیەکە بۆردومانکردنى بە هەڵەى بارەگایەکى پێشمەرگە بوو، بەڵام ئێستا دۆخ لەو ناوچەى لەژێر دەسەڵاتى پێشمەرگەدایە زۆر ئاسایی بووەتەوە، بەڵام ئەو ناوچانەى پەکەکە دیکتاتۆرانە داگیری کردوون تەواو شڵەژاوە و ترس و دڵەڕاوکێ ناوچەکەى تەنیوە".

قاسم شه‌شۆ، فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی شنگالی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، سه‌ربه‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌
قاسم شه‌شۆ، فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی شنگالی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، سه‌ربه‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌

قاسم شەشۆ به‌ ئاژانسه‌ توركییه‌كه‌ی گوتووه‌"بە هۆى بۆردومانى فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا بۆ سەر بنکە و بارەگاکانى پەکەکە و هەبوونى زیانێکى زۆرى گیانى و ماددى، ئەمڕۆ پەکەکە هەستاوە بە کەمکردنەوەى ژمارەی بنکە و بارەگاکانى لەسەر چیاى شنگال کە پێدەچێت بۆ خۆپاراستنیان روویان لە چەندین ناوچەى نادیارى شنگال کردبێت".

دەشڵێت "جگە لە گواستنەوەى بنکە و بارەگاکانیان دواى دەستپێکردنى ئۆپەراسیۆنەکانى تورکیا دژى پەکەکە لە سووریا و شنگال پەرت و بڵاوییەکى زۆر کەوتووەتە ریزەکانى چەکدارانى پەکەکە لە کۆنتڕۆڵى فەرماندەکانیان دەرچووە، ئەگەر ئەو پەرتەوازەییە بەو جۆرە بەردەوام بێت لەوانەیە چەکدارانى پەکەکە لە ناوخۆیاندا تووشى پێکدادن بن و چەک بە رووی یەکتر بەرزبکەنەوە".

به‌ ڤێره‌ی راپۆرتێكی ئاژانسه‌كه‌، فەرماندەى فەرماندەیی شنگالى سەربە وەزارەتى پێشمەرگە ئاشکراى كردووه‌" دواى بۆردومانى فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا بۆ چەکدارانى پەکەکە لە کاراچۆغ و شنگال جێهێشتى ریزەکانى پەکەکە زیادیکردووە، نەک تەنها کوردى ئێزدى بەڵکو ئەو چەکدارانەى لە تورکیا و سووریا تێکەڵى پەکەکە بوون، پەکەکە جێدەهێڵن و، خۆیان رادەستى پێشمەرگە دەکەن لە شنگال، هەموو ئەو چەکدارانەى خۆیان رادەستى پێشمەرگە کردووەتەوە سیاسەتى پەکەکە بە هەڵە وەسف دەکەن و پەشیمانن لەوەی کە چوونەتە ریزەکانى پەکەکە، بەشێکیشیان ئاماژە بەوە دەکەن کە چەکدارانى پەکەکە بە زۆرەملێ بە حوکمى چەک کردوونى بە چەکدارى خۆیان".

هه‌روه‌ها قاسم شەشۆ گوتیشى: "بەشى هەرە زۆرى ئەو چەکدارانەى لە ریزەکانى پەکەکەدان بە دواى دەرفەتێک دەگەڕێن تاوەکو خۆیان لەم گرووپە رزگار بکەن، هەرچەند پەکەکە مامەڵەى خۆى بەرامبەریان توندتر کردووە، بەڵام گوێى پێنادەن و خۆیان رادەستى پێشمەرگە دەکەن".

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی پێشمه‌رگه‌ " تا ئێستا ٨٠٠ چەکدارى پەکەکە خۆیان رادەستى پێشمەرگە کردووەتەوە و بەشى هەرە زۆریان کوردى ئێزدین و کەسایەتى دیاریشیان لەگەڵدایه‌، بەشەکەى دیکەش لەو کوردانە پێک دێن کە پەکەکە لە سووریا و تورکیا کردوونی بە چەکدارى خۆی. تا ئێستا ٥٠٠ لەو چەکدارە ئێزدیانەى کە لە ماوەکانی رابردوودا ریزەکانى پەکەکەیان جێهێشتووە خولى مەشق و راهێنانى سەربازییان لە بەنداوى مووسڵ لەلایەن وەزارەتى پێشمەرگە بۆ کراوەتەوە و لە ئایندەیەکى نزیکدا لە چوارچێوەى فەرماندەیی شنگالى سەربە وەزارەتى پێشمەرگە ئەرکى پێشمەرگایەتى خۆیان دەبینن لە ناوچەکە".

ناوبراو لە کۆتاییدا ئاماژە بە بەردەوامى جێهێشتى ریزەکانى پەکەکە دەکات و دەڵێت "جێهێشتى ریزەکانى پەکەکە لەلایەن ئەندام و چەکدارەکانیەوە لە شنگال، سووریا و تورکیا بەردەوامە و، زۆرینەى چەکدارەکانى پەکەکە تەمەنناى ئەو رۆژە دەکەن لەژێر زەبر و زەنگى پەکەکە رزگاریان بێت و خۆیان بگەیەننە هێزەکانى پێشمەرگە، پێشبینى ئەوە دەکەین لە رۆژانى ئایندە ژمارەیەکى یەکجار زۆر چەکدارى پەکەکە خۆیان رادەستى هێزەکانى پێشمەرگە بکەن و، تا ئێستا تەنها ١٠ لە سەدى چەکدارى کوردى ئێزدى لەگەڵ پەکەکە ماوە".