ئەو نەخۆشخانەی ھەڵەی پزیشكی تێدا كرا داخرا

بە بڕیاری فەرمانگەی تەندروستی كەركووك حەوت رۆژ نەخۆشخانەكە داخرا
kurdistan24.net

K24 - كەركووك

ھێمن دەلۆ، پەیامنێری كوردستان24 لە كەركووك رایگەیاند: "دوای ئەوەی ئافرەتێك بەھۆی لێدانی دەرزی بەھەڵە دەستی تووشی نەخۆشیەكی گران بوو، لە رۆژ پێنجشەی رابردوو بە بڕیاری فەرمانگەی تەندروستی كەركوو نەخۆشخانەی (دارالحکمة)ی شاری کەرکووک دابخرێت".

گوتیشی: "بەگوێرەی بڕیارەكە ھەفتەیەك ئەو نەخۆشخانە دادەخرێت تا لێكۆڵینەوەكان لەبارەی رووداوەكە  تەواو دەبێت".

كارمەندێكی نەخۆشخانەكەش بە كوردستان24 گوت: "دوای ئەوەی پەرستارەكە ئەو ھەڵەیەی كرد، بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانە بڕیاری دوورخستنەوەی دەركرد".

ھەفتەی رابردوو ھاووڵاتیەكی كەركووك بەھۆی لێدانی دەرزی بەھەڵە لەلایەن پەرستارێك، دەستی تووشی ھەڵاوسان بوو، لەسەرەتا رووداوەكە دەنگۆی بڕینەوەی دەستی بڵاوكرایەوە، دواتر پزیشكان رایانگەیاند كە پێویست بە بڕینەوەی دەستی ناكات و چارەسەری بۆ دەكرێت.