سەرۆك بارزانی ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ و ئاینده‌ی شاره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌زیری به‌رگری عێراق تاوتوێ کرد

هه‌ماهه‌نگی نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق، ره‌وشی ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش خراوه‌ته‌‌ڕوو

K24 – هه‌ولێر

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌سعود بارزانی له‌ میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ عیرفان ئەلحەیالی وه‌زیری به‌رگری عیراق و فه‌ریق روکن ئەنوەر حەمەدەمین فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئه‌و وڵاته‌، له‌ دوایین پێشهاتە ئەمنییەكان و ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ  ئاگادار كرایه‌وه‌.

به‌پێی راگه‌یاندراوێكی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، "وه‌زیری به‌رگری عێراق، سەرۆك بارزانیی لە دوایین پێشهاتە ئەمنییەكان و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شه‌ڕی دژی تیرۆریستانی داعش لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ ئاگادار كردەوە".

"بارودۆخی ناوچە ئازادکراوەکانی موسڵ و ئایندەی ئەم شارە" ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی‌ سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو به‌رپرسه‌ی سه‌ربازیی عێراق بوو كه‌ كه‌ریم شنگالی وه‌زیری ناوخۆ و وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ به‌ وه‌كاله‌ت ئاماده‌ی بوو. هه‌ر له‌م باره‌وه‌ "پێداگرییان لەسەر بەرەنگاربوونەوە و لەناوبردنی تیرۆریستان و ئازادكردنی ناوچەكان كرده‌وه‌".

ھەردوولا لە كۆتاییدا "تیشكیان خسته‌ سه‌ر ئه‌و هەماهەنگییه‌ی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ هه‌یه‌ و پێداگیریشیان له‌سه‌ر بەردەوامبوونی ئەو هەماهەنگییە کرده‌وه‌".