ئیتالیا 11 پێشمەرگەی بریندار چارەسەر دەكات

"ئیتالیا بە گرنگیەوە دەڕوانێتە پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان"

K24 - ھەولێر

کونسوڵى نوێی ئیتالیا لە ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، 11 پێشمەرگەی برینداری شەڕی داعش لە ئیتالیا و لەسەر ئەركی ئەو وڵاتە چارەسەریان بۆ دەكرێت.

خاتوو سێرینا مرۆنى کونسوڵى نوێی ئیتالیا لە ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئیتالیا بە گرنگیەوە دەڕوانێتە پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان و بەردەوام دەبێت لە پشتگیرى و هاوکارییەکان، بەم نزیکانە 11 پێشمەرگە بریندارى شەڕ دژى تیرۆریستانى داعش لە ئیتالیا چارەسەرى گونجاویان پێشکەش دەکرێت.

ئەم گوتانەی كونسوڵی نوێی ئیتالیا ئەمڕۆ لە میانی دیدارێكدا ھات لەگەڵ فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکوومەتی ھەرێمی كوردستان.

بە گوێرەی ماڵپەڕی فەرمی فەرمانگەی دەرەوەی حكوومەتی ھەرێم لە دیدارەكەدا بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە بە ناوى حکومەتى هەرێم و فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە پیرۆزبایى لە ناوبراو کرد و سوپاسى گەل و حکوومەتى ئیتالیاى کرد بۆ پشتگیرییەکانى لە هەرێمى کوردستان لە رووى ناردنى راوێژکارى سەربازى بۆ پێدانى مەشق و راھێنان بە هێزەکانى پێشمەرگە و هاوکارى مرۆیى.