پێش رووبەڕووبوونەوەی ریال مەدرید پەتای پێکان بەرۆکی ئاتلێتیکۆ مەدریدی گرتووە

18 یاریزانی لەم وەرزە تووشی پێکان بووینە

K24- هەولێر

پێش رووبەڕووبوونەوەی ریال مەدرید لە یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، پەتای پێکان بەرۆکی یاریزانانی ئاتلێتیکۆ مەدریدی گرتووە و دیێگۆ سیمیۆنی قەیرانی بەرگریکارانی هەیە.

شەوی شەممە لە یاریی بەرامبەر لاس پاڵماس، گەرچی ئاتلێتیکۆ مەدرید بە 5-0 سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام خۆسێ خیمینێز لە یارییەکە تووشی پێکان بوو و ئەستەمە بتوانێت رۆژی یەکشەممە بەشداریی دێربی مەدرید بکات، کە جگە لە خیمینێز لە هێڵی بەرگری هەریەکە لە خوانفران و دیێگۆ گۆدین و فراسیلکۆش پێکانیان هەیە و گومان دەکرێت بتوانن بۆ یارییەکەی سێشەممە ئامادەبن.

جگە لەم سێ یاریزانە یانینک کاراسکۆش پێکانی هەیە و ئسەتەمە بتوانێت تاکو دوو رۆژی دیکە بۆ یاریکردن ئامادە بێت، کە ئەم وەرزە 18 یاریزانی ئاتلێتیکۆ تووشی پێکان بووینە.

لە یارییەکەی بەرامبەر لاس پاڵماس ئانتوان گریزمانیش تووشی پێکان بوو، بەڵام پێکانەکەی سووکە و بۆ یاریکردن ئامادەیە.