دەربارەی: کەشپیرۆڤسکی و چارەسەرکردنی ئەزمەکانی کۆمەڵ

Kurd24

پاش دەستپێکردنی ریفۆرمی پێرێسترۆیکە و گڵاستنۆست (دروستکردنەوە و کرانەوە)ی میخائیل گۆرباتشۆڤ (1985 - 1991)، ئازادی قسەکردن و رادەربڕین لە یەکێتی سۆڤیێت (1922 - 1991) لە کۆتایی هەشتاکان قۆناغی باشی بڕیبوو، لە هەمان کات ئەم وڵاتە گەورە و 300 ملیۆنییەی جیهان، بەدەست کۆمەڵێك قەیڕانی گەورەی: سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، ئەخلاقی...هتد دەیناڵاند.

خواردن لە جاران کەمتر لە دوکانەکان دادەندرا، بەشی هەموو کەسی نەدەکرد و بۆ هەموو شتێ سڕە دەگیرا. پارە نەبوو و جگە لەوە روبل رۆژانە لە دابەزین دابوو. هیلاکی و بێتاقەتی خەڵک لە لوتکە بوو و ئەمڕۆنا بەیانی چاوەڕێی تەقینەوەیەکی زۆر گەورە دەکرا. هەندێک لەوبڕوایەدابوون، شەڕی ناوەخۆ دەستپێدەکا، ئەوانەی دیکە لە کودەتایەکی سەربازی گەورە و شەڕی سێیەمی جیهانی دەترسان. ئەو ئایینەی لە سەرەتای شۆڕشی ئۆکتۆبەر (1917) لەبیر و پشگوێخرابوو، پاش حەفتا ساڵ جارێکی دیکە، خەڵک ڕوویان تێکردەوە و بە لێشاو بۆ کەنیسە و پەرستگاکان دەچوون. بە ئاشکرا پڕۆپاگەندە بۆ ئایین دەکرا و قەشە یەک لەدوای یەک لە شاشەکان پیشان دەدران، ناوە ناوەش نوێژی یەکشەمان لە تەلەفزیۆن پەخش دەکرا. کۆنگرەی پارتی کۆمۆنیستی یەکێتی سۆڤیێت ڕاستەوخۆ لە شاشەکان دەگوازرایەوە، ڕەخنەی توند لە دەستەڵات دەگیرا، بە ئاشکرا وڵات بەرەو دابەشبوون دەچوو. هەندێك لەگەڵ مانەوەی یەکێتی سۆڤیێت بوون و ئەوانەی دیکەش کاریان بۆ تێکدان و وێرانکردنی سیستێمی سۆسیالیستی دەکرد. هەر لەوکات سەرۆکی ئەمریکا (Ronald Reagan) ناوی (ئیمپێریای شەڕ - Imperia - evil)ی لە سۆڤیێت نابوو...

لەناو ئەم وڵاتە مەزن و پڕ لە کێشە کەسێك بەناوی: Anatoly Mikhailovich Kashpirovsky (له‌ دایكبووی 11ی ئابی 1939) لە شاشەکانی تەلەفزیۆن وەدیار کەوت. یەکەم بەرنامەی کەشپیرۆڤسکی لە کەنالی تەلەفزیۆن لە 8ی ئۆکتۆبەری 1989 پەخش کرا و دواتر هەر دوو هەفتە یەکجار لە هەمان کەنال رۆژی یەکشەمان بەرنامەی چارەسەری تەندروستی هەبوو. کەشپیرۆڤسکی دکتۆر ناوکی مێدیسین، نازناوی قارەمانی یەکێتی سۆڤیێتی لە هەڵگرتنی ئاسن پێدرابوو، لە ساڵی 1993 لە حزبی پارتی لیبرالی دیموکراتی روسیا وەک ئەندام پەرلەمانی روسیا هەڵبژێردرا، لە 5ی ئازاری هەمان ساڵ دەستی لە ئەندامێتی پەرلەمان هەڵگرت و ژرینۆڤسکی سەرۆکی پارت و فراکسیۆنی خۆی بە رەسیزم و ژینگەخۆشکردن بۆ شەڕ تاوانبار کرد.

کەشپیرۆڤسکی پزیشکی دەروونییە و بەرنامە تەندروستییەکانی لە ڕێگای تەلەفزیۆنی نیشتمانی وڵات پەخش دەکرێ. هیچ بەرنامەیەک وەک بەرنامەی د. کەشپیرۆڤسکی جەماوەری نەبوو. ئەو لە ڕێگای شاشەوە بە یەکجار سەدان هەزار نەخۆشی لە نەخۆشی جیا جیا: پشتهێشان، هیلاکی، رەبو، دڵەڕاوکێ، حەساسییە...هتد چارەسەر دەکرد.

من لەگەڵ برادەرەکانم وەک هەموو خەڵکی سۆڤیێتی بەیەکەوە لە بەشی ناوەخۆی زانکۆی سانکت پیتر - بورگ بەرامبەر بەرنامەکانی تەندروستی دەروونی ئەو دادەنیشتین، گوێمان دەگرت، بەڵام قەت نەدەچووینە جیهانی ئەو.

کەشپیڕۆڤسکی لە هۆڵێکی گەورە یان ستۆدیۆی تەلەفزیۆن لەپشت مێزێک دادەنیشت و لەچاو چوقانێك دانیشتوان دەکەوتنە ژێر کاریگەری قسەکان و (بە هیپنۆز) خەویان لێدەکەوت. پێشەکی بەرنامەی ئەو، بە مۆسیقایەکی خەیاڵاوی و مشەوەش دەستی پێدەکرد، پەڵە هەوری سپی دەهاتن و لە ئاسمانێکی لێڵاوی بزر دەبوون، مۆسیقاکە بەرز دەبوو، لە هەندێک شوێن تاڤگە پیشان دەدرا، تاڤگەکان دەبوونە هەورێكی سپی و دیمەنەکان بەردەوام لە جوڵەدابوون.

لە یەک بەرنامەی ئەو جگە لە نەخۆشە ئاساییەکان، هونەرمەندی گەورەی سۆڤیێتیش دانیشتبوون، هەندێك بۆ چارەسەر و ئەوانەی دیکە لەبەر فزولییەت. من سەیردەکەم و دەبیسم: دەستم سوتابوو، ئێستا برینەکان لەپشت دەستم نەماون. ئەو کەسە دەست سووتاوە، لە قسەکانی بەردەوامە و دەڵێ، سەرەتا خۆشم باوەڕم بەوە نەدەکرد و وامدەزانی چاوم خراپ دەبینی، چاویلکە لەچاو دەکەم، بەڕاستی دەستم چابۆتەوە. کەشپیڕۆڤسکی چارەسەری بۆ لاوازبوونیش هەبوو، کەسێکیشی پیشاندا، پرچی سەری سپیاتی نەمابوو و ڕەشبووبۆوە.

بە کورتییەکەی چارەسەری هەموو دەرمانێك لای ئەم دکتۆرە زانا و گەورەیەی دەروونی هەبوو، بینەریشی جار دوای جار زیادیان دەکرد. جارێکیان بەرنامەیەکی لەناو پارکێک سازکرد، هەزاران کەس تێیدا بەشداربوون. لەسەر داوای ئەو زیاد لە سەد کەس هاتنە سەر شانۆ و لە ماوەی چەند خولەکێک یەک دوای یەک هەموویانی نواند، ئەمجارە خۆی لەسەر شانۆ هاتە خوار و ئەوەندەشی لەناو جەماوەر نواند. هەندێک قسەی بۆکردن و هەموویان روحیان هاتەوەبەر و لە خەوە قوڵەکەیان ڕابوون.

کەشپیرۆڤسکی پرچی ڕەشو و کورت، سەیری ناو کامیرای دەکرد، بە دەموچاوێکی زۆر جددی قسەی دەکرد. باکگراوندی قسەکانی، مۆسیقایەکی ئێلیکترۆنی دەبیسترا. رستەکانی کورت بوون و نێوان ڕستەیەک بۆ ڕستەیەکی دیکە، بەردەوام وەستان هەبوو. ئەگەر بەوردی گوێ لە قسەکانی رابگریت، تێدەگەیت ئەو قسە بۆ هەموویان دەکات و لە هەمان کاتیش میوانی یەکە یەکەیان دەبیت. قسەکانی کەشپیرۆڤسکی لەگوێ دەرناچن و لەناو مێشک دەمینێنەوە، فشە نین و ئەو دکتۆرە جوانترین و باشترین وشە هەڵدەبژێری، کەسێكی یەکجار بەتوانا و وتاربێژێکی بێهاوتا و زۆر باشە.

کەشپیرۆڤسکی لە ساڵەکانی 1988 – 1989 سەرپەرشتی سەنتەری کۆماری پسیکۆتێراپی - Psychotherapy لە کیڤ دەکرد، لە ساڵەکانی 1989 – 1993 سەرپەرشتی سەنتەری نێودەوڵەتی پسیکۆتێراپی لە کیڤ دەکرد. لە ساڵی 1991 لە باڵەخانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشداری بەرنامەیەکی بۆ چارەسەری رادیۆ ئەکتیڤ و ئەیدز کرد.

لەو کاتەی وڵات لە قەیرانی گەورە دەژی کێشەکانی: کۆمەڵایەتی، ئابووری، ئەخلاقی، سیاسی هتد گەشە دەکەن، ڕێگا بۆ کۆمەڵەکەسانێک خۆشدەکرێ، بێنە پێشەوە و بە جۆرێک لە جۆرەکان تیماری هاوڵاتی و گەلی بریندار بکەن. ئەوەی من بەر لە نزیکەی سی ساڵ لە یەکێتی سۆڤیێت بینیم، ئێستا لە کوردستان دووبارە دەبێتەوە، نەک لەلایەن کەسانی زانا و پسۆر، بەڵکو لەلایەن کەسانی کەمخوێندەوار و ساختەچی، نەک بۆئەوەی ئێش و ئازاری هاوڵاتییان کەمبککەنەوە، بەڵکو بۆئەوەی خۆیان تۆزێك پارە و ناوبانگ دەربکەن.