ئەمشەو ریال مەدرید و ئاتلێتیکۆ مەدرید لەپێناوی پارە یاریی دەکەن

هەر یانەیەک سەربکەوێت 18.5 ملیۆن یۆرۆ بەدەست دەهێنێت

K24- هەولێر

هەر یانەیەک سەربکەوێتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، 18.5 ملیۆن یۆرۆ بەدەست دەهێنێت و رۆژنامەیەکی ئیسپانی دەڵێت ئەمشەو ریال مەدرید و ئاتلێتیکۆ مەدرید لەپێناوی پارە یاریی دەکەن.

بەپێی یاساکانی یوێفا هەر یانەیەک بگاتە یاریی کۆتایی 11 ملیۆن یۆرۆ بەدەست دەهێنێت، ئەگەر ببێتە پاڵەوانی خولەکەش 4.5 ملیۆن یۆرۆی دیکە وەردەگرێت و جگە لە داهاتی مافی گواستنەوەی یارییەکان پاڵەوانی خولەکە 15.5 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت.

هەر یانەیەک بەشداریی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ یاریی بکات، 12 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت و بۆ هەر بردنەوەیەکیش لە قۆناخەکە 1.5 ملیۆن یۆرۆ بەدەست دەهێنێت، لە هەر یارییەکیش بەرامبەر بێت 0.5 ملیۆن یۆرۆی پێدەدرێت.

ئەو یانەیەی بگاتە قۆناخی 16 لە خولەکە 6 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت، ئەو یانەیەی دەگاتە چارەکی کۆتاییش 6.5 ملیۆن یۆرۆی دیکەی پێدەدرێت و هەر یانەیەکیش بپەڕێتەوە قۆناخی پێشکۆتایی 7.5 ملیۆن یۆرۆ دەچێتە گەنجینەکەی.

ریال مەدرید وەرزی رابردوو بەهۆی پاڵەوانبوونی لە چامپیۆنزلیگ 94 ملیۆن یۆرۆی بەدەستهێنا و ئاتلێتیکۆ مەدریدیش 82 ملیۆن یۆرۆی کۆکردەوە، بۆیە ریال و ئاتلێتیکۆ لە یارییەکەی ئەمشەو جگە لە دڵخۆشکردنی هاندەرانیان ئامجیان کۆکردنەوەی پارەشە.