ئەمریكا: ھەوڵی تاقیكردنەوەی موشەكی كرۆزی ئێران شكستی ھێنا

تەنھا ئێران و كۆریای باكوور خاوەن ئەو جورە ژێردەریاییەن

K24 - ھەولێر

بەرپرسانی ئەمریكا رایانگەیاند ئێران ھەوڵیدا مووشەكێكی كرۆز لە ژێردەریاییەك لە تەنگەی ھۆرموز تاقی بكاتەوە، بەڵام شكستی ھێنا.

كەناڵی فۆكس نیوز لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریكا بڵاویكردەوە، تاقیكردنەوەی موشەكی كرۆز لەلایەن ئێران بە رێگەی ژێردەریایی یۆنۆ-كلەس لە جوری بچووك بووە، كە تەنھا ئێران و كۆریای باكوور لە جیھاندا ئەو جورە ژێردەریاییەیان ھەیە و لە لایەن پیۆنگ یانگ دروستكراوە.

لە مانگی شوباتی رابردوو، ئێران رایگەیاند بە سەركەوتوانە موشەك لە ژێردەریایی تاقیكردووەتەوە.

مانگی ئاداری رابردوو، ھێزی دەریایی ئەمریكا لە تەنگەی ھۆرموز تەقەی ھۆشداری دایە سوپای پاسدارانی ئێران، كە بەلەمەكانیان تەنھا 1000 مەترێك نزیكی كەشتییە جەنگییەكانی ئەمریكا ببوونەوە.

بی بی سی بڵاویكردەوە ئێران لە ماوەی چەند مانگی رابردوو، بودجەی سەربازی خۆی 145% بەرزكردووەتەوە.

كۆریای باكوور لە ساڵی 2015 تاقیكردنەوەی موشەكی بالستی بە رێگەی ژێردەریایی ئەنجامدابوو.