گۆڕان: لەلایەن بەرپرسانی یەكێتییەوە ئاستەنگ بۆ بەرپرسە ئیدارییەكانمان دروست دەكرێت

"لە پۆستە ئیدارییەكانی سلێمانی و ھەڵەبجە بەربەست بۆ بەرپرسەكانمان دروستكراوە"

K24 - ھەولێر

بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، لەلایەن بەرپرسانی یەكێتییەوە ئاستەنگ بۆ بەرپرسە ئیدارییەكانیان سنووری ئیدارەی سلێمانی و گەرمیان دروست دەكرێت.

شۆڕش حاجی گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە: "بەتەنها لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە بەربەست بۆ بەرپرسەکانی گۆڕان لە پۆستە ئیدارییەکانی سلێمانی و هەڵەبجە دروست نەکراوە، بەڵکو لەلایەن بەرپرسانی یەکێتیشەوە بەربەستیان بۆ دروستکراوە".

ئەم گوتانەی گوتەبێژی گۆڕان لەمیانی پرسیارێكی دەنگی ئەمریكا ھاتووە سەبارە بە دەست لەكاركێشانەوەی سەردار قادر لە بری پارێزگای سلێمانی كە ھەڵسوڕاوێكی گۆڕانە و رۆژی 2 ئەم مانگە دەست لەكار كێشانەوەی خۆی لەو پۆسە راگەیاند.

ئەمە لەكاتێكدایە چەند رۆژێكی دیكە ساڵێك بەسەر رێككەوتنی سیاسی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕاندا تێدەپەڕێت كە لە 17 ئایاری 2016 بە ئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا واژووكرا، لە رێككەوتنامەكەدا یەكێتی و گۆڕان لەسەر دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكانی سنووری سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین رێككەوتوون، بەڵام بە گوتەی بەرپرسانی گۆڕان تا ئێستا زۆربەی ئەو پۆستانەیان رادەست نەكراوە كە لەسەری رێككەوتوون.