ھێزەكانی عێراق ھێرشیانكردە سەر باكووری رۆژئاوای موسڵ

ئامانجی ھێرشەكە، كۆنترۆڵكردنی گەڕەكی مشێرفەیە

K24 - ھەولێر

ھێزەكانی عێراق لە باكووری رۆژئاوای موسڵ دەستیان بە ھێرشێك كرد و شانەی راگەیاندنی جەنگیش کۆنترۆڵکردنەوەی گوندی حەسونە و کارگەی گاز لەم ھێرشەدا رادەگەیەنێت.

بەرەبەیانی ئەمرۆ پێنجشەممە، ھێزەكانی پۆلیسی فیدڕاڵی و بەرپەچدانەوەی خێرا لە بەرەی باكووری رۆژئاوای موسڵ ھێرشەكانیان بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی گەڕەكی مشێرفە دەستپێكردەوە.

پێشتر حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، رایگەیاند، پلان و تەكتیكی نوێ بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی گەڕەكە كۆنەكانی موسڵ پەیڕەو دەكەن.

ئۆپەراسیۆنی ھێزەكانی عێراق بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی شاری كۆنی موسڵ بەھۆی چری دانیشتوان و تەسكبوونی شەقام و كۆلانەكانی رووبەڕووی بەربەست بووە، بەتایبەتی كوژرانی ھاووڵاتیانی سڤیل لە ماوەی رابردوو بووە وەستانی بە تەواوەتی ئۆپەراسیۆنەكە بۆ ماوەی سێ رۆژ.

چەكدارانی داعش لە شەڕی رۆژئاوای موسڵ، ھاووڵاتیانی سڤیل بەرامبەر ھێرشەكانی ھێزەكانی عێراق وەك قەڵغانی مرۆیی بەكاردێنن.

ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی موسڵ رۆژی 17 تشرینی یەكەمی 2016 بە بەشداری ھەر یەك لە ھێزەكانی پێشمەرگە و عێراقی دەستیپێكرد و لە سەرەتادا ھێزەكانی پێشمەرگە ناوچەكانی دەروبەری موسڵ بەتایبەتی لە باكوور و رۆژھەڵاتی شارەكە كۆنترۆڵكرد و رێگەیان بۆ چوونە ناوەوەی ھێزەكانی عێراق بۆ ناو موسڵ كردەوە.