ئەردۆغان ئەم بەڵگەیەی رادەستی پوتین كرد

شوێن و كاتەكەشی بۆ پوتین دیاری كردووە

K24 - ھەولێر

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لە میانەی كۆبوونەوەی لەگەڵ ڤلادمیر پوتین سەرۆكی روسیا وێنەیەكی یەپەگە و سەربازانی روسیا خستەڕوو و پیشانیدا.

رۆژنامەی حورییەتی توركی لەم بارەوە لە زمانی ئەردۆغان بڵاویكردەوە، "ئەم وێنەیەمان پیشانی پوتیندا و شوێن و كاتەكەشمان بۆی دیاركرد و گووتی لێكۆڵینەوە دەكەین و لەمەودوا پرۆسەكە پەیوەستە بە پوتینەوە".

 ئەردۆغان لە كاتی گەڕانەوە لە كۆبوونەوەی لەگەڵ پوتین لە سۆچی روسیا لەناو فڕۆكە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و لە زمانی پوتینەوە گووتی "بە ئەرێنی سەیری دەوڵەتی كوردی ناكات و ناوچەی بێ شەڕ لە ئیدلب و پێنج ناوچەی دیكە پێشنیار كردووە. ھیوادارم ئەم پرسە 50% كێشەی سوریا چارەسەر بكات".

دوو سه‌ربازی روسیا له‌گه‌ڵ سێ شه‌ڕڤانی یه‌په‌گه‌
دوو سه‌ربازی روسیا له‌گه‌ڵ سێ شه‌ڕڤانی یه‌په‌گه‌

ئەردۆغان رۆژی سیشەممەی رابردوو لە شاری سۆچی روسیا لەگەڵ پوتین كۆبووەوە. قەیرانی سوریا و  پەیوەندییەكانی نێوانیان لە بابەتە سەرەكییەكانی كۆبوونەوەكەیان بوو.

پێشتر بڵاوبوونەوەی وێنەی سەربازانی ئەمریكا لە گەڵ شەڕڤانانی یەپەگە و ھێزەكانی سوریای دیموكرات، میدیا و رۆژەڤی سیاسی توركیای بە خۆوە سەرقاڵكردبوو، تا ئەو ئاستەی وەزارەتی دەرەوەی توركیا و فەرماندەیی سوپای ئەم وڵاتە ئەم پرسەیان لەگەڵ ھاوتا ئەمریكاییەكانیان تاوتوێ كرد و ئەردۆغان لەم بارەوە ئاماژەی بەوەدا ئەم پرسە لەگەڵ دۆنالد ترەمپ تاوتوی دەكات.