"ئەمریكا پیلانی كوشتنی دیكتاتۆرە گەنجەكەی دارشتووە"

كۆریای باكوور شێوازی ئەم ھێرشە ئاشكرا ده‌كات

K24 -ھەولێر

كۆریای باكوور، ئاژانسی ھەواڵگری ناوەندیی ئەمریكا-سی ئای ئەی و ھەواڵگری كۆریای باشوور بە "دارشتنی پیلانێك بۆ كوشتنی رێبەر كیم جۆنگ ئون" تۆمەتبار دەكات.

وەزارەتی ئاسایشی كۆریای باكوور لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند "گرووپێكی تیرۆریستی بە پشتگیری سی ئای ئەی و دەزگای ھەواڵگری كۆریای باشوور ھاتوونەتە ناو سنووری كۆریای باكوور و فەرمانیان پێكراوە لە كاتی بەشداریكردنی لە رێورەسمەكان بە مادە بیۆلۆژی- كیمیایی ھێرش بكەنە سەر كیم جۆنگ ئون.

گووتیشی كۆریای باكوور ئەو تیرۆریستانە دەدۆزێتەوە و بە شێوەیەكی بێ بزەییانە لەناویان دەبات.

ھەر لە بارەی ئەو ھێرشە ئاماژەی بەوەدا "مادەی بیۆلۆجی-كیمیایی بەكاردێنن، كە لە مادەی رادیۆئەكتیڤ و ژەھراوی پێكھاتووە و كاریگەرییەكانی پاش شەش مانگ تا 12 مانگ بەدەر دەكەون".

تاكە میدیای كۆريای باكوور لە بارەی چۆنییەتی ئاشكراكردنی ئەو پیلانە،  لە زاری وەزارەتی ئاسایش ئەوەی خستەڕوو "ناسنامەی كەسێكیان بە ناوی كیم بۆیان ئاشكرا بووە و لە لایەن ھەواڵگری كۆریای باشوور بە كرێ گیراوە و لە رووسیا كاری كردووە".

ھەر لەم بارەوە ئاماژەی بەوەدا نزیكەی 300 ھەزار دۆلاریان پێداوە، لەگەڵ پێدانی زانیاری لە بارەی چۆنییەتی ئەنجامدانی ھێرشەكە.

بەیاننامەی كۆریای باكوور لە بارەی "پیلانی كوشتنی كیم جۆنگ ئون" لە كاتێك دایە كە ئەمریكا ھێزێكی زۆری سەربازی بۆ نیمچەدوورگەی كۆریا ناردووە و پیۆنگ یانگ ئامادەیی خۆی بۆ ھێرشی پێشوەخت بۆ سەر ھێزەكانی ئەمریكا دەربڕیوە.