كوردێك لە ھەنگاریا خەڵاتی باشترین توێژینەوەی پێدەدرێت

K24 - ھەولێر
لە كۆنفرانسی ناوەند و رۆژھەڵاتی ئەوروپا بۆ دیموكراسی ئەلكترۆنی و حكوومەتی ئەلكترۆنی، كوردێك باشترین خەڵاتی توێژینەوەی زانستی بە دەست ھێنا.
دوێنێ 5 ئایاری2017، لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی كۆنفرانسی ناوەند و رۆژھەڵاتی ئەوروپا بۆ دیموكراسی ئەلكترۆنی و حكوومەتی ئەلكترۆنی، لە وڵاتی ھەنگاریا خەڵاتی ئەنجامدانی باشترین توێژینەوەی زانستی بەخشرا بە پەیمان رەمەزان ئەحمەد، مامۆستا لە زانکۆی راپەڕین.
كۆنفرانسەكە رۆژانی 4 و 5 ئەم مانگە لە شاری بوداپێست لەوڵاتی ھەنگاریا بەڕێوەچوو.
پەیمان رەمەزان، خوێندکاری دکتۆرایە لە زانکۆی نیشتمانی ھەنگاریا لە بوداپێست، بەناوی زانکۆی راپەڕینەوە بەشداری كردووە لە كۆنفرانسی (Eastern European e|Dem and e|Gov Days 2017).
پەیمان بە ماڵپەڕی زانکۆی راپەڕینی راگەیاندووە: "ئەم کۆنفرانسە ساڵانە بەھاوبەشی زانکۆی نیشتمانی ھەنگاریا و زانکۆی ئەندراشی لەبوداپێست و چەند ناوەندێکی دیكەی توێژینەوەی زانستی لە ئەوروپا ئەنجامدەدرێت".
ئاماژەی بەوەشداوە: "لە کۆنفرانسەکەدا تەنیا سێ خەڵات دەبەخشرێن، بۆ ئەمساڵ یەکێک لە سێ خەڵاتەکە بەخشرا بە توێژینەوەکەم كە بە ناونیشانی (corruption in the extractive industry sector reinventing trusted governance "Iraqi Case') ئەنجامم داوە".
باسی لەوەشکردووە: "خەڵاتەکان بەپێی دەنگدانی بەشداربووان بەخشراون، لەناو 46 توێژینەوەی وڵاتە جیاوازەکان تەنیا سێ توێژینەوە ھەڵبژێردران، توێژینەوەکەم بە 30% دەنگەکان و بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگی بەشداربووانی کۆنفرانسەکە وەک باشترین توێژینەوەی زانستی لە کۆنفرانسەکەدا دیاریکرا.


