رووسیا ئاسمانی سووریا بەسەر ئەمریكا دادەخات

فڕۆكەكانی ئەمریكا ناتوانن بەسەر ناوچە ئارامەكانی سوریا بفڕن

K24 - ھەولێر

نێردراوی تایبەتی رووسیا بۆ دانوستانەكانی ئاستانا رایگەیاند ئاسمانی ھەر چوار ناوچەی ئارام بەسەر فڕۆكەكانی ئەمریكا داخراوە.

میدیاكانی رووسیا لە زاری ئەلكساندێر لاڤرنتیف بڵاویانكردەوە فڕۆكەكانی ئەمریكا و ھاوپەیمانی نێودەڵەتی ناتوانن بەسەر ئاسمانی ئەم ناوچانەی سوریا بفڕن، كە ناوچەی ئارامن.

پاش كۆبوونەوەی ڤلادمیر پوتین سەرۆكی رووسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لە سۆچی، پێكھێنانی ناوچەی ئارام لە سوریا لە دانوستانەكانی ئاستانا پەسندكرا  و ھەر یەك لە رووسیا، توركیا و ئێران چاودێری و گرەنتی ئارامی ئەم ناوچانە دەكەن.

ناوچەكانی ئارام لە ئیدلب، هه‌ندێ له‌ ناوچەكانی حه‌له‌ب، لازقییه‌ و حمس پێكهاتووه‌، ئه‌و ناوچانه‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئۆپۆزسیۆندان.

ئەم بەرپرسەی رووسیا ئاماژەی بەوەدا، "قەدەغەیی بەسەر فڕۆكەكانی ئەمریكا لە دیكۆمێنتەكەدا باس نەكراوە، بەڵام لە ئێستاوە ئەم ناوچانە بەسەر فڕۆكەكانی ئەمریكا داخراون".

گووتیشی "ھەرسێ وڵاتی رووسیا، توركیا و ئێران وەك گرەنتیكارانی ئەم رێككەوتنە، بە وردی چاودێری ئۆپەراسیۆنەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا دەكەن و چاودێری پرۆسەی ئەم قەدەغەییە دەكەن".

ھەر لە بارەی شوێنی ئۆپەراسیۆنی فڕۆكەكانی ھاوپەیمانان ئاماژەی بەوەدا "ئەم ناوچانەی فڕۆكەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەتوانن تێیدا ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدەن، پێگەكانی داعشن لە رەققە و ھەندێ لە شارۆچكەكانی نزیك رووباری فورات، دێرەزۆر و خاكی عێراق".

چوارەمین خولی دانوستانەكانی ئاستانا بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سووریا رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی رابردوو لە ئاستانای پایتەختی قەزاقستان (كەزاخستان) بەڕێوەچوو.