فه‌ڕه‌نسییه‌كان سه‌رۆكه‌كه‌یان دیاری ده‌كه‌ن
K24 – هه‌ولێر
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 7 ئایاری 2017 خولی دووه‌می هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا ده‌ستیپێكرد و 47 ملیۆن كه‌س له‌م خوله‌دا بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكێكی نوی مافی ده‌نگدانیان هه‌یه و سه‌رۆكێكی نوێ بۆ كوشكی ئێلیزێ ده‌نێرن.
خولی دووه‌می ھەڵبژاردنی هه‌شته‌مین سەرۆك له پێنجه‌مین كۆماری فه‌ڕه‌نسا له نێوان هه‌ر یه‌ك له پاڵێوراوی گەنجی 39 ساڵەی میانرەو ئێمانۆئێل مەكرۆن و پاڵێوراوی توندرەوانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی فه‌ڕه‌نسا مارین لۆپێنی 48 ساڵی بەڕێوەدەچێت.
66546 سندووقی دەنگدان بۆ خولی دووەمی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی فه‌ڕه‌نسا دانراون و پێشبینی سەركەوتنی ئاسانی مەكرۆن لەم ھەڵبژاردنەدا دەكرێت.
بە پێی راپرسییەكان ئێمانۆئێل سەرباری بەدەستھێنانی دەنگی لایەنگرانی خۆی لە خولی یەكەم، زۆرینەی ھەرە زۆری لایەنگر و دەنگدەرانی ھەردوو پارتی سه‌ره‌كی فه‌ڕه‌نسا، پارتی سوسیالیست و پارێزگاران دەنگ بە مەكرۆن ده‌ده‌ن.
ھەروەھا پێشبینی دەكرێت، زۆرێك لە دەنگدەرانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی فه‌ڕه‌نسا بۆ ئەوەی لۆپێن سەرنەكەوێت دەنگ بە مەكرۆن دەدەن.
یەكەم ئەنجامی سەرەتایی ھەڵبژاردنی سەرۆكی فەرەنسا كاتژمێر 19:00 بە كاتی فه‌ڕه‌نسا رادەگەیەنرێت، كە سندووقەكانی دەنگدان لە دوو كاتی جیاواز بەسەر دەنگدەرانی فەرەنسا كراونەتەوە و لە دوو كاتی جیاوازیش دادەخرێن.
رێوشوێنی توندی ئەمنی لە خولی دووەمی ھەڵبژاردنی سەرۆكی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی فه‌ڕه‌نسا گیراوەتەبەر.
50 ھەزار پۆلیس و 7000 سەرباز لە شەقامەكانی فەڕەنسا بڵاوەیان پێكراوە بۆ پاراستنی ئاسایشی دەنگدەران.
له خولی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی فه‌ڕه‌نسا، مه‌كرۆن نزیكه‌ی 24% ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێنا و لۆپێن زیاتر له 21% ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێنا.
به پێی راپرسییه‌كان، مه‌كرۆن له خولی دووه‌م له نێوان 23 تا 26% ده‌نگی زیاتر له لۆپێن ده‌هێنێته‌وه.
له خولی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری فه‌ڕه‌نسا له رۆژی 23 نیسانی رابردوو 11 پاڵێوراو به‌شدارییان تێیدا كردبوو و هیچ یه‌ك له پاڵیوراوان نه‌یانتوانی ده‌نگی زۆرینه به‌ده‌ست بێنن بۆ گه‌یشتن به كۆشكی ئێلیزێ. مه‌كرۆن به نزیكه‌ی 24% ده‌نگه‌كان، پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێنا و لۆپێن به زیاتر له 21% ده‌نگه‌كان، پله‌ی دووه‌می به‌ده‌ستهێنا و هه‌ردوو پاڵیوراو توانیویان بگه‌نه قوناغی دووه‌می هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی.
ئیمانوێڵ ماكرۆن (39 ساڵان) له بزوتنه‌وه‌ی "بۆ پێشه‌وه!"
ئیمانوێڵ ماكرۆن، پێشتر زۆر لای فه‌ڕه‌نسییه‌كان ناسراو نه‌بوو، تا ئه‌وكاته‌ی له ساڵی 2014 وه‌ك وه‌زیری ئابووری چووه ریزی حكومه‌تی ولاته‌كه‌یه‌وه، له مانگی ئابی ساڵی 2016 وه‌ك سه‌رۆكی بزوتنه‌وه‌كه‌ی "بۆ پێشه‌وه!" خۆی خزانده پێشبڕكێی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی فه‌ڕه‌نسا و پێگه‌ی خۆی له ناوه‌ندی مه‌یدانی سیاسه‌تی فه‌ڕه‌نسادا ده‌رخست.
ئه‌و كاندیده گه‌نجه "خاوه‌ن كاریزمایه" توانی سه‌رنجی حه‌شامه‌تێكی زۆر بۆ كه‌مپه‌ینه‌كانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن رابكێشێت، له هه‌مانكاتدا پاڵپشتی ده‌سته‌بژێری سیاسی و میدیایی و بواری ئابووریی له هه‌موو ئاراسته‌كان بۆ خۆی راكێشا، به‌ڵام له‌سه‌ری پێویسته خواست و خولیای نوێبوونه‌وه‌ی له ژیانی سیاسی‌دا، له رێگه‌ی سندوقه‌كانی ده‌نگدان ساغبكاته‌وه و كه‌م شاره‌زاییه‌كه‌ی بگۆرێت به ئه‌زموونێكی قوڵ، چونكه پێشتر هیچ پۆستێكی باڵای به رێگای هه‌ڵبژاردن وه‌رنه‌گرتووه".
مارین لۆپین (48 ساڵان) له پارتی به‌ره‌ی نیشتیمانیی
مارین لۆپینی ئه‌ندام په‌رله‌مانی ئه‌وروپی، كه له ساڵی 2011 وه سه‌رۆكی پارتی به‌ره‌ی نیشتیمانیی راستڕه‌وی توندڕه‌وه، ئه‌و پارته‌ی باوكی دایمه‌زراند، ده‌یه‌وێت "فه‌ڕه‌نسا بۆ فه‌ڕه‌نسییه‌كان بگه‌ڕێنێته‌وه"" ئه‌و گره‌و له‌سه‌ر ئه‌و شه‌پۆله ناڕه‌زایه‌تییه‌ی دژی موسڵمان و په‌نابه‌ران ده‌كات و ده‌یه‌وێت وه‌ك دۆناڵد تره‌مپ به‌و رێگایه زۆرینه‌ی ده‌نگ كۆبكاته‌وه، یان به‌و رێگه‌ی وای له زۆرینه‌ی بریتانییه‌كان كرد له به‌رژه‌وه‌ندی ده‌رچوونی وڵاته‌كه‌یان له یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌نگیاندا.
سەرۆكەكانی پێنجەمین كۆماری فەڕەنسا
- شارل دی گول، پارێزگاران و فەرماندەی رزگاری لە شەڕی دووەمی جیھانی، لە ساڵی 1959 بۆ ماوەی حەوت ساڵ لە لایەن دەستەی ھەڵبژاردن وەك سەرۆك ھەڵبژێردرا و لە ساڵی 1965 بە دەنگدانی گشتی بووە سەرۆك. ساڵی 1969 ده‌ستی له‌كار كێشایه‌وه، پاش ئه‌وه‌ی له راپرسییه‌دا شكستی هێنا.
- جۆرج پۆمپیدو، پارێزگاران له ساڵی 1969 تا 1974 سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا بووه و دوو ساڵ به‌ر له كۆتاییهاتنی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی، كۆچی دوایی كرد.
- ڤالیری جیسكار دیستان، پارێزگارانی میانڕەو، 1974 تا 1981 بۆ ماوەی خولێكی ھەوت ساڵی
- فڕانسوا میتران سۆسیالیست 1981 تا 1995 بۆ ماوەی دو خولی حەوت ساڵی.
- جاك شیراك، پارێزگاران 1995 تا 2007، لە خولی یەكەم بۆ ماوەی حەوت ساڵ و خولی دووەم پێنج ساڵ سەرۆكی فەڕەنسا بوو.
- نیكۆلا ساركۆزی، پارێزگاران، 2007 تا 2012
- فڕانسوا ئۆلاند، سۆسیالیست، 2012 تا 2017.