90پزیشك و كارمەندی تەندروستی دەدرێنە دادگا

وەزارەتی تەندروستی 500 لیژنەی لێكۆڵینەوە دروست دەكات
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لەبارەی ئەو ھەڵە و كەمتەرخەمیانەی لە نەخۆشخانە و نۆڕینگەكان ئەنجامدراون و ژمارەیەك كە ھاووڵاتی بەو ھۆیەوە بوونەتە قوربانی، وەزیری تەندروستی ئاشكرای دەكات، 90 پزیشك و كارمەندی تەندروستیان داوەتە دادگا.

دكتۆر رێكەوت حەمە رەشید وەزیری تەندروستی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "لەماوەی رابردوودا 500 لیژنەی لێكۆڵینەوەمان بە ئامادەبوونی داواكاری گشتی دروست كردووە و 50 پزیشك و 40 كارمەندی تەندروستیمان داوەتە دادگا، جگە لەوە چەندین پزیشك و كارمەندی دیكە سزا دراون".

گوتیشی: "سەرەڕای ئەمە كاری گەورەمان كردووە ئیدارەی قەیرانمانداوە، لە ساڵی 2014 قەیرانی دارایی ھەیە، رێژەی كەمتەرخەمی پزیشك و كارمەندان كەمە لەچاو ئەو خەڵكەی لە نەخۆشخانەكان ھەیە، ھاووڵاتیانیش ئاگادار دەكەینەوە ھەر ھەڵەیەك رووبدات ئێمە لیژنەی لێكۆڵینەوەی بۆ دروست دەكەین و بێدەنگ نابین لە ھەر كەسێك كە ھەڵە دەكات".