دیندار زێباری: مانەوەی ئاوارەکان لە کەرکووک پەیوەندی بە حكوومەتی هەرێمەوە نییە

پێویستە ئەمریکا لە راپۆرتەکانیدا پشت بە زانیارییە فەرمییەکان ببەستێت، نەک زانیاری کەسی
kurdistan24.net

K24 -ھەولێر

دیندار زێباری بەرپرسی لیژنەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ئاماژەی بۆ هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەکردووە، کە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان ئەنجامیداون. پێویستە ئەمریکا لە راپۆرتەکانیدا پشت بە زانیارییە فەرمییەکان ببەستێت، نەک زانیاری کەسی.

گوتیشی "نەگەڕانەوەی ئاوارەکان لە کەرکووک بۆ ناوچەکانی خۆیان پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە ئیدارەی پارێزگای کەرکووکەوە هەیە".

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، ئاماژەی بەوەدا "پێشمەرگە بەپێی یاسای ساڵی 1992 پەرلەمانی کوردستان و دەستووری عێراق هێزێکی فەرمییە. هێزەکانی پێشمەرگە لە پێشوازیکردن لە ئاوارەکان رۆڵێکی کاریگەریان هەبووە و هاوکاری زۆری ئاوارەکانیان کردووە".