بە بەڵگە.. ریال مەدرید دەبێتە پاڵەوانی ئەم وەرزەی لالیگا

بە جیاوازیی خاڵێک

K24- هەولێر

بەپێی توێژینەوەیەکی بیرکاریانە ریال مەدرید لە کۆتایی ئەم وەرزە بە جیاوازیی خاڵێک لە پێشەوەی بارسێلۆنا دەبێتە پاڵەوانی لالیگا.

ماڵپەڕی تایبەت بە ئامارەکانی FiveThirtyEight لە لێکۆڵینەوەیەکی لە هەزاران یاری خولی یانە پلە یەکەکانی ئیسپانیا لەوەتەی 2000 دەرکەوتووە ریال مەدرید دەتوانێت ئەم وەرزە ناسناوی لالیگا بەدەست بهێنێت و لە کۆتایی وەرز بە جیاوازیی خاڵێک لە پێشەوەی بارسێلۆنا کۆتایی بە لالیگا بهێنێت.

دوای تێپەڕبوونی 36 گەڕ، بارسێلۆنا بە کۆکردنەوەی 84 خاڵ بە سوودوەرگرتن لە ئەنجامی یاریی چوون و گەڕانەوەی کلاسیکۆ پێشەنگە، یەکشەممەی داهاتوو دەبێتە میوانی لاس پاڵماس، ئینجا لە دوایین گەڕی خولەکە میوانداریی ئیبار دەکات، هەرچی ریال مەدریدیشە یەکشەممەی داهاتوو میوانداریی سێڤییا دەکات، ئینجا دواتر رۆژی چوارشەممە یارییە دواخراوەکەی ئەنجام دەدات و دەبێتە میوانی سێلتاڤیگۆ و لە دوایین گەڕیش دەبێتە میوانی مالەگە.

بەپێی توێژینەوەکە، ریال مەدرید لەم سێ یارییەی ماوییەتی لە دووانیان سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت و لە یەکێکیشیان بەرامبەر دەبێت و لە کۆتایی وەرز بە 91 خاڵ دەبێتە پاڵەوان، کە لەوەتەی 2011-2012 نەبووەتە پاڵەوانی خولەکە و بارسێلۆناش لە دوو وەرزی رابردوو ناسناوەکەی بەرزکردووەتەوە.

ئەنجامی توێژینەوەکەی ماڵپەڕی FiveThirtyEight
ئەنجامی توێژینەوەکەی ماڵپەڕی FiveThirtyEight