توركیا: پێدانی چه‌ك به‌ یه‌په‌گه‌ قبووڵ ناكه‌ین

پەیەدە، پڕچەککردنی یەپەگە لەلایەن ئەمریکاوە به‌ کارێکی ئاسایی ده‌زانێت

K24 - ھەولێر

له‌ یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر بڕیاری كۆشكی سپی بۆ پێدانی چه‌ك به‌  یه‌كینه‌كانی پاراستنی گەل ـ یه‌په‌گه‌، توركیا ناڕه‌زایه‌تی خۆی پیشاندا و دژی ئه‌و بڕیاره‌ی دۆنالد ترەمپ دەوەستێتەوە.

نورەدین جانیكلی جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا بە رویتەرزی راگەیاند "یارمەتییەكانی ئەمریكا بۆ پێدانی چەك بە یەپەگە جیگەی قبووڵكردن نییە".

كۆشكى سپى له‌ به‌ياننامه‌يه‌كدا ئاشكرايكرد سه‌رۆكى ئه‌مريكا ره‌زامه‌ندى خۆى پيشانداوه‌ بۆ پڕچه‌ككردنى يه‌په‌گه‌ له‌ سووريا.

كه‌ناڵى NBC ئه‌مريكايى له‌ زارى به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى به‌رگرى وڵاتەكەی بڵاويكرده‌وه‌، "تره‌مپ له‌سه‌ر پلانى پێدانی چه‌ك به‌ يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل رێككه‌وتووه‌ و ئه‌و هێزه‌ كوردييه‌ى به‌ هاوپه‌يمانێكى گرنگى ئه‌مريكا زانيوه‌".

ئەم بەرپرسەی توركیا ئەوەشی گوتووە "ھیوادارین لە ماوەیەكی كەمدا یارمەتییە سەربازییەكانی ئەمریكا بۆ یەپەگە رابگیرێت.

يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل له‌ ئێستادا ژماره‌يان له‌ سه‌رووى 60 هه‌زار چه‌كداره‌وه‌ ده‌بێت و له به‌رنامه‌ياندايه‌، ئه‌و ژماره‌يه‌ له‌ چوارچێوه‌ى هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات بۆ 100 هه‌زار چه‌كدار بەرز بكەنەوە.

پاش بۆردومانێكی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆ سەر چیای شنگال و ھەروەھا چیای قەرەچووغ لە رۆژئاوای كوردستان كە بارەگایەكی یەپەگە كرابووە ئامانج، زرێپۆشەكانی ئه‌مريكا به‌ ياوه‌رى یەپەگە له‌ سنوورەكانی باكووری رۆژئاوای كوردستان بڵاوه‌یان پێكرا بۆ رێگه‌گرتن له‌ بۆردومانى توركيا و روودانى پێكدادان له‌ نێوان سوپاى توركيا و يه‌په‌گه‌.

 له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ هاوسەرۆکی پەیەدە ساڵح موسلیم رایگه‌یاند پڕچەککردنی یەپەگە لەلایەن ئەمریکاوە کارێکی ئاساییە

ساڵح موسلیم، لەم بارەوە گووتی "بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، یەپەگە پێویستی بە چەکی قورسە و شتێکی ئاساییە ئەگەر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی چەکی قورس رادەستی هەسەدە و یەپەگە بکات."

گووتیشی "گەیشتنی چەکی نوێ بە یەپەگە، شەڕی سەرکەوتن بەسەر داعش خێراتر دەکات".