كه‌بودوه‌ند ئازادكرا

بە بۆنه‌ی دامه‌زراندنی رێكخراوی پاراستنی مافی مرۆڤی كوردستان بە 10 ساڵ زیندانیكردن سزادرا

K24 – هه‌ولێر

محەمەد سدیق كه‌بودوه‌ند دامه‌زرینه‌ری رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان پاش مانه‌وه‌ی زیاتر له‌ 10 ساڵ له‌ زیندان، ئه‌مرۆ هه‌ینی 12 ئایاری 2017 ئازادكرن.

رۆژی سێشه‌ممه‌ رابردوو 9 ئایاری 2017 ماوه‌ی یاسایی 10 ساڵ زیندانیكردنی محەمەد سدیق كه‌بودوه‌ند دامه‌زرینه‌ری رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان كۆتاییهاتبوو.

 رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو ئیجلال قه‌وامی چالاكوانی مافی مرۆڤ له‌ شاری سنه‌ به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند "حكومی یاسایی زیندانیكردنی كه‌بودوه‌ند ‌به‌ بۆنه‌ی دامه‌زراندنی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان كۆتایی هاتووه‌ و له‌ باری یاساییه‌وه‌ هیچ كێشه‌یه‌كی نییه‌ و پێویسته‌ ئازاد بكرێت".

كەبودوەند لە ماوی زیندانیكردنی دەست بە مانگرتنێكی 34 رۆژی كرد و لە رۆژی 12 حوزەیرانی 2016 بۆ ماوەی چوار رۆژیش مۆڵەتی پێدرا، لەو كاتەوە تا ئێستا ھیچ مۆڵەتێكی دیكەی پێ نەدراوە و ماوەی یاسایی زیندانیكردنیشی كۆتاییھاتووە.

دادگای "شۆڕشی ئیسلامی" لە تاران لە رۆژی 1 تەموزی 2007 بە تۆمەتی "ھەنگاونان دژی ئاسایشی نیشتمانی بە رێگەی دامەزراندن و بەڕێوەبردنی رێكخراوی پاراستنی مافی مرۆڤی كوردستان" 10 ساڵ زیندانیكردن سزا بەسەر كەبودوەند سەپاند.

ھەروەھا بەھۆی "پروپاگەندە دژی كۆماری ئیسلامی" حوكمی ساڵێك زیندانیكردنی درا.

دادگای پێداچوونەوەی تاران، حوكمی زیندانیكردنی 10 ساڵ بە ھۆی دامەزراندنی رێكخراوی مافی مرۆڤ پەسندكرد.

كەبودوەند لە ساڵی 2017 لە لایەن حزبی سۆسیالیستی نەرویج بۆ خەڵاتی ئاشتی نوبڵ ھەڵبژێردرا.

رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان رۆژی 5 ئەم مانگە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند "حوكمی 10 ساڵەی زیندانیكردنی كەبودوەند رۆژی 19 ئەم مانگە كۆتایی دێت".

ئاماژەشی بە بڕیارنامەیەكی كۆمیتەی لێكۆڵینەوەی دەستگیراوانی خۆدسەرانەی نەتەوە یەكگرتووەكان داوە، كە "حوكمی 10 ساڵ زیندانیكردنی كەبودوەند بە نایاسایی زانیوە و داواشی كردووە بێ لەدستدانی كات كەبودوەند ئازاد بكرێت و بە بۆنەی زیانی روحی، دەروونی، گیانی و دارایی قەرەبوو بكرێتەوە".