یه‌كه‌م كاروانی چه‌كه‌كانی ئه‌مریكا گه‌یشته‌ ده‌ستی یه‌په‌گه‌

لە رێگەی سمێلكاوە بۆ رۆژئاوای كوردستان رەوانەكراون

K24 - ھەولێر

میدیاكانی توركیا بڵاویانكرده‌وه‌ یه‌كه‌م كاروانی چه‌ك و كه‌ره‌سته‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا گه‌یشتنه‌ ده‌ستی یه‌په‌گه‌.

پێگه‌ی رۆژنامەی "وه‌ته‌ن"ی توركی بە پشت بەستن بە  ماڵپه‌ری "المصدر"ی نزیك له‌ رژێمی سوریا، به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی كاروانێكی زرێپۆشه‌كانی ئه‌مریكا رایگه‌یاند پاش بڕیاری ئه‌مریكا بۆ پێدانی چه‌ك به‌ یه‌په‌گه‌ یه‌كه‌م كاروانی ئه‌و چه‌كانه‌ گه‌یشتنه‌ ده‌ستی یه‌په‌گه‌و لە شەڕی رەققە بەكار دەھێنرێن".

گووتیشی به‌شێك له‌و چه‌كانه‌ له‌و ناوچه‌كه‌ن و به‌شێكی دیكه‌شیان له‌ وڵاتی ئوردنن.

لە بارەی گەیشتنی یەكەم كاروانی چەكی ئەمریكا بۆ یەپەگە، ئاماژەی بەوەدا "ئەو چەكانە لە بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە رۆژھەڵاتی ناوەوڕاست بۆ فڕۆكەخانەی ھەولێر گواستراونەتەوە و لە رێگەی خاڵی سنووری سمێلكا بۆ رۆژئاوای كوردستان رەوانە كراون و لە شارۆچكەی تەبقە گەیشتنە دەستی یەپەگە"، كە لە چوارچێوەی ھێزەكانی سوریای دیموكرات بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی رەققە كردووە.

دەشڵێت یەكەم كاروانی ئەو چەكانە لە لایەن كۆمپانیای ئیسپانی، ئێكسپال بەرھەمھێنراون، كە لە ھاوەنی جوری مۆنتێلی 81 میلی مەتری و زرێپۆش و موشەكی دژە تانكی تاو پێكھاتووە.