"توركیا لەگەڵ یەپەگە رێك بكەوێت"

نووسەرێكی تورك: جگە لە تورك، تەواوی دونیا یەپەگە و كورد لە شەڕی دژی داعش بە تاكە ھێزی دۆست دەبینێت

K24 - ھەولێر

سەرنووسەری پێشووی رۆژنامەی "حوورییەت"ی توركی، ئەرتوغرول ئۆزكۆك لە نووسینێكدا پێشنیار دەكات  "توركیا لەگەڵ یەپەگە رێك بكەوێت".

ئۆزكۆك كە بۆ ماوەی 20 ساڵ سەرنووسەری رۆژنامەی حوورییەت بووە، ھۆكاری پێویستی رێككەوتنی توركیا لەگەڵ یەپەگە بۆ ئەوە دەگەڕێنتەوە " لە دەرەوەی ئێمە تەواوی دونیا یەپەگە و كورد لە شەڕی دژی داعش بە تاكە ھێزی دۆست دەبینێت. ژنی كورد بووەتە سیمبوڵی شەڕی دژی داعش".

ئەم نووسەرە توركە لە بەشێكی دیكە نووسینەكەی بە مانشێتی "بە پێچەوانەوە سەیری پرسی پەكەكە و یەپەگە بكه‌ین" پرسیاری ئەوەی دەكات "ئەگەر لە جیاتی سیاسەتی بە شەڕكردن لەگەڵ یەپەگە، بۆ بەچووكدا ھێنانی پەكەكە، لەگەڵ یەپەگە رێك بكەوین، بۆ ئەوەی پەكەكە بھێنینە سەر رێگەی راست، بگرینەبەر...".

لە كۆتاییشدا ئەرتوغرول ئۆزكۆك بەم شێوەیە كوتایی بە پێشنیارەكەی دێنێت "تەواو، با مارشی مەحتەر (مارشی سەربازی عوسمانییەكان) بەردەوام بێت، بەڵام 1-2 خولەك ناوبڕێك بدەین، بیرێك لەوەش بكەینەوە".

پێشنیاری ئەم نووسەرە توركە ھاوكاتە لەگەڵ دوو رووداوی گرنگی پەیوەندیدار، یەكەم كاروانی یارمەتییە سەربازییەكانی ئەمریكا گەیشتە دەستی یەپەگە؛ دووەم، بڕیارە سەرۆك كۆماری توركیا لە كۆبوونەوەی رۆژی 16 ئەم مانگە لەگەڵ دۆنالد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا باس لەو پرسە بكات، كە پێشوەخت رایگەیاندوو داوا لە ترەمپ دەكات لەم ھەنگاوە ھەڵەیە پاشگەز ببێتەوە.

ئەوەشی گوتووە "كۆبوونەوەی لەگەڵ ترەمپ كۆما (،) نابێت، بەڵكو خاڵ (.) دەبێت".