هێرشه ڤایرۆسییه ئه‌لیكترۆنییه‌كه "جه‌نگی ئه‌تۆمی" هه‌ڵده‌گیرسێنێ
K24 - هه‌ولێر:
هێرشه ڤایرۆسییه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی جیهان، ته‌نها كۆمپانیا و دامه‌زراوه حكومییه‌كانی 100 وڵاتی جیهانی نه‌كردووه‌ته ئامانج، به‌ڵكو زه‌نگی سیناریۆیه‌كی كاره‌ساتباریشی لێداوه و له‌وانه‌یه پاڵ به جیهانه‌وه بنێت به‌هۆی ئه‌و ڤایرۆسه كۆمپیوته‌رییه‌وه "جه‌نگی جیهانی" به‌رپا بكه‌ن.
ئێستا جیهان رووبه‌ڕووی شه‌پۆلێكی زه‌به‌لاحی هێرشی ئه‌لیكترۆنی یه‌ك له دوای یه‌ك بووه‌ته‌وه، ئه‌ویش به‌هۆی سوود وه‌رگرتن له پرۆگرامێكی ڤایرۆسی مه‌ترسیدار له جۆری"رانسۆموێر" كه كاری ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی دۆسیی به‌كارهێنه‌ران و ناچاركردنیانه تا به‌رامبه‌ر كردنه‌وه‌ی دۆسییه‌كان پاره بده‌ن.
ئه‌و شه‌پۆله هێرشه ڤایرۆسییه شارازایانی ئاسایشی زانیارییه‌كانی نیگه‌ران كردووه، وای ده‌بینن، ئه‌و چه‌تانه‌ی هاككردن، سوود له بۆشاییه ئه‌منییه‌كانی سیستمی "ویندۆز" وه‌ربگرن و په‌رده له رووی به‌ڵگه نامه نهینییه‌كان هه‌ڵماڵن، به تایبه‌تی له ئاژانسی ئاسایشی نیشتیمانی ئه‌مریكی توانیوویانه به‌ڵگه بدزن".
ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه، خۆیان بگه‌یه‌ننه دامه‌زراوه هه‌ستیاره‌كان و ده‌ست به‌سه‌ر "چه‌كه ئه‌لیكترۆنییه‌كان"ـدا بگرن و به‌و زووانه بكه‌وێته ده‌ست چه‌ته هاككه‌ره‌كان و به‌و هۆیه‌وه هێرشی توند و فراوانتر ئه‌نجام بده‌ن".
توێژه‌رێكی بریتانی كه ئه‌ركی راگرتنی ئه‌و پرۆگرامه ڤایرۆسییه‌ی پێ سپێردراوه، ده‌ڵێت" تا ئێستا ئه‌و چه‌تانه له توانایاندایه، به‌رنامه‌كانی كۆدكردن بشكێننه‌وه و هێرشه‌كه ده‌ست پێبكه‌نه‌وه".
به‌ڵام به گوێره‌ی پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی "سیلیكۆن ریپاپلیك" كه تایبه‌تمه‌نده به ته‌كنه‌لۆژیا، له‌وه خراپتر ئه‌وه‌یه كه جه‌نگی جیهانی داهاتوو كه ئه‌گه‌ری زۆره ئه‌تۆمی بێت، به‌هۆی "ڤایرۆسی ئه‌لیكترۆنی" رووده‌دات".
چونكه له كاتێكدا دامه‌زراوه حكومییه مه‌ده‌نی و سه‌ربازییه‌كان هه‌میشه رووبه‌ڕووی هێرشی ڤایرۆسی ده‌بنه‌وه، ژێرخانی ئه‌لیكترۆنی ئه‌و دامه‌زراوانه كراونه‌ته ئامانج، بۆیه نازانرێت كه زلهێزه ئه‌تۆمییه‌كان توانای رێگه‌گرتن له‌و كاره‌ساتانه‌یان هه‌یه یان نا؟".
به گوێره‌ی توێژینه‌وه‌یه‌كی "ساندرۆ گایكین" به‌ڕێوه‌به‌ری پرۆژه‌ی "SBS" بۆ به‌رگریی ئه‌لیكترۆنی، سه‌ر به په‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی"خاڵی لاوازی زۆر له سیستمی سه‌ربازیدا هه‌یه و ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه به‌ره‌و جه‌نگی ئه‌تۆمی بڕوات".
گایكین، ئه‌گه‌ر و پێشبینی خستووه‌ته‌ڕوو بۆ روودانی ئه‌و كاره‌ساته، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر هاتوو رووسیا په‌نای برده‌به‌ر كۆپییه‌كی نوێ له سه‌ر كۆمپیوته‌ری سیستمی"ده‌ستی مردوو"(سیستمێكه ئه‌گه‌ر هه‌موو ناوه‌نده‌كانی سه‌ركردایه‌تیش وێرا بووبن، ئه‌و چه‌كه ئه‌تۆمییه‌كانی رووسیا ده‌ته‌قێنێت و ئاراسته‌ی ئامانجه‌كانی ده‌كات) كه یه‌كێتی سۆڤییه‌تی پێشوو دایمه‌زراندووه، چی رووده‌دات؟".
بۆیه له‌و حاڵه‌ته‌دا ئه‌گه‌ری ئه‌وه زۆره كه به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه زانیاری ناراست بدرێته سیستمی "ده‌ستی مردوو" كه رووسیا رووبه‌ڕووی هێرشی ئه‌تۆمی بووه‌ته‌وه و ئه‌و سیستمه‌ش به خێرایی مووشه‌كه ئه‌تۆمییه‌كان وه‌ك تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه به‌هۆی زانیاری ناڕاست بته‌قێنێت".
به‌ڵام پێشبینی دووه‌م لای گایكین ئه‌وه‌یه" ڤایرۆسه‌كه خۆی بخزێنێته ناو سیستمی هه‌ڵدانی چه‌كه ئه‌تۆمییه‌كان و بتوانێت مووشه‌كه‌كان هه‌ڵبدات، ئه‌مه‌ش واتای به‌رپابوون و روودانی كاره‌ساتێكی گه‌وره‌یه".