عزه‌ت دووری له‌سه‌ر كۆنه ئه‌فسه‌ره‌كانی سوپای عێراق له‌ناو داعش هاته ده‌نگ
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌یه‌كی تونسی چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ عزه‌ت ئیبراهیم دوری، جێگری سه‌ددام حوسێن، سه‌رۆكی رژێمی پێشووی عێراق ئه‌نجامداوه كه تێیدا دوری هێرش ده‌كاته سه‌ر به‌شار ئه‌سه‌د و ره‌تیشی ده‌كاته‌وه كۆنه ئه‌فسه‌ره‌كانی سوپای عێراق، له ریزی داعشدا مابن.
عزه‌ت دووری، كه وه‌ك رۆژنامه‌كه باسی كردووه، تا ئێستاش داواكراوی ژماره یه‌كه له جیهان و زۆرترین جاریش هه‌واڵی كوژرانی بڵاوكراوه‌ته‌وه، له چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا ئه‌وه ره‌تده‌كاته‌وه چه‌كدارانی رێكخراوی داعش، كۆنه ئه‌فسه‌ره‌كانی سوپای عێراق بن، كه وه‌ك ده‌زگا هه‌واڵگرییه بیانییه‌كان جه‌ختی لێده‌كه‌نه‌وه.
رۆژنامه‌كه قسه‌كانی عزه‌ت دوری وه‌ك خۆی بڵاوكردووه‌ته‌وه، كه تێیدا ره‌تیكردووه‌ته‌وه ئه‌فسه‌ره‌كانی پێشووی سوپا له ریزی داعشدا مابن و ده‌ڵێت: "به هیچ شێوه‌یه‌ك رازی نین و ئه‌و قسانه‌ش له باره‌ی سوپای عێراقی نیشتمانی سه‌رده‌می سه‌ددام حوسێن به توندی ره‌تده‌كه‌ینه‌وه".
عزه‌ت دووری، به شێوه‌یه‌ك باسی ئه‌و رووداوه‌ی كردووه، كه به‌عس هیچ كارێكی نه‌شیاوی به‌رامبه‌ر به مرۆڤایه‌تی نه‌كردبێت و ده‌ڵێت: "ئه‌و قسانه سووكایه‌تین یه‌كه‌م به حزبی به‌عس و دووه‌میش به سوپای عێراق".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئه‌و كاته‌ی سوپای عێراق له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌دا بوو، نه قاعیده، نه داعش و نه میلیشیا سه‌فه‌وییه‌كان بوونیان له وڵات‌دا هه‌بوو".
دوری هێرشده‌كاته سه‌ر رژێمی به‌شار و حافز ئه‌سه‌دی باوكی له سووریا، به‌هۆی ئه‌و په‌یوه‌ندییه توندوتۆڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه‌تی و باس له‌وه‌ش ده‌كات، سووریا به‌هۆی ئه‌وه‌ی له شه‌ڕی عێراق – ئێران‌دا چووه پاڵ تاران، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حزبی به‌عس له نێوان سووریا و عێراق پچڕا.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌وه به‌وه ده‌كات، ته‌نگژه تایه‌فییه‌كانی سووریا هی ئێستا نییه و ده‌مێكه سه‌ری هه‌ڵداوه، سووریا له‌و رۆژه‌وه كه‌وته ئاڵۆزی، كه به‌شار ده‌ستبه‌رداری بیر و بنه‌ما و ئامانج و درووشمه سه‌ره‌كییه‌كانی به‌عس بوو.
عزه‌ت دوری دووپاتیشی ده‌كاته‌وه فه‌رمانڕه‌وای ئێستا له سووریا، قاسم سلێمانی و حه‌سه‌ن نه‌سڕوڵڵان كه به‌م دواییانه ئه‌و وڵاته چووه‌ته سه‌ر هێلی پوتین و رووسیا، ئه‌سه‌دیش ته‌نها وه‌كو ناوێكی بێ ناوه‌ڕۆك ماوه‌ته‌وه، جه‌ختیش ده‌كاته‌وه، ئه‌گه‌ر بوونی ئێران نه‌بایه، ئه‌سه‌د و هاوه‌ڵه‌كانی له مانگه‌كانی سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی شۆڕشی سووریا ده‌بوایه وڵات جێبهێڵن.
له به‌شێكی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا، دوری، وه‌ك ئه‌وه‌ی له رژێمی به‌عس بۆی ماوه‌ته‌وه، كه هه‌میشه له‌كاتی ته‌نگانه‌دا، په‌نا ده‌بنه به‌ر ئیسلام، بانگه‌شه بۆ ئه‌وه ده‌كات، ئیسلام له‌لای به‌عس به‌های تایبه‌تی خۆی هه‌یه و عرووبه‌ش ده‌مار و جه‌سته‌ی ئیسلامه، بۆیه پێویسته عه‌ره‌ب به موسڵمان و ناموسڵمانه‌وه پارێزگاری له‌و به‌هایانه بكات و ده‌ڵێت: "بۆیه ده‌بینی ئه‌حمه‌د میشێل عه‌فله‌ق دامه‌زرێنه‌ری حزب كریستیان بوو و ژماره‌یه‌ك له سه‌ركرده‌كانی حزبه‌كه‌ش له پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه و ئایینی دیكه‌ی جیاوازن بوون، وه‌كو كریستیان، سائیبه، ئێزدی، كورد، توركمان و عه‌ره‌ب به شیعه و سووننه‌وه".
سه‌باره‌ت به شوێن و جێگه‌ی عزه‌ت ئیبراهیم دۆری و چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی چاوپێكه‌وتنه‌كه، رۆژنامه‌ی "الشارع المغاربی" تونسی، داوای لێبوردنی له خوێنه‌رانی خۆی كردووه و ده‌ڵێت: "بۆ سه‌لامه‌تی میوانه‌كه‌مان، هیچ زانیارییه‌ك له باره‌ی شوێنه‌كه‌ی ئاشكرا ناكه‌ین و داوای لێبوردنیش له خوێنه‌رانمان ده‌كه‌ین".