مەسروور بارزانی لە کۆشکی سپی لە گەڵ گەورە راوێژکارانی سەرۆکی ئەمەریکا کۆدەبێتەوە



راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا: دەمانەوێ پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکەین

 

K24 - واشنتن



راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا دەڵێ، پەیوەندییەکی بەهێزمان لەگەڵ کورد هەیە و دەمانەوێ بەهێزتری بکەین، جەنەراڵ ئێچ ئار مەکماستەر راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە کاتی پیِشوازیکردنی لە شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی لە کۆشکی سپی، خۆشحاڵی خۆی بۆ پەیوەندی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەربڕی.

لەکۆبوونەوەیەکدا کە جەیرد کوشنەر گەورە راوێژکاری سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ، تۆم بۆسەرت راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێوخۆیی، جەنەراڵ کیس کیلۆگ سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی، دینا پاول یاریدەدەری راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و جۆزێف پێنینگتن یاریدەری وەزیری دەرەوە ئامادەی بوون، مەسروور بارزانی سوپاسی پشتیوانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای کرد لە هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی داعش و دووپاتیشیکردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمەریکا دەمێنێتەوە، 
لە بارەی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان وعێراقیش، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئێمە رابردوویەکی تاڵمان لەگەڵ حکومەتەکانی عێراق هەبووە ، بۆیە  دەمانەوێ دوارۆژێکی ئارام بۆ گەلەمان دەستەبەر بکەین".

 

ماكماسته‌ر راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا پێشوازی له‌ مه‌سروور بارزانی و شانده‌ باڵاكه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات
ماكماسته‌ر راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا پێشوازی له‌ مه‌سروور بارزانی و شانده‌ باڵاكه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا مەسروور بارزانی، ئاماژەی بە پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆمیشدا و گوتی: "دەمانەوێ پرۆسەکە بە شێوەیەکی هێمنانە وئاشتیخوازانە ئەنجام بدرێت".

جەیرد کوشنەر، گەورە راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ، لە دیدارەكەدا ستایشی هەرێمی کوردستان و قارەمانیێتی هێزی پێشمەرگەی کرد و گوتی: "دەبێ بزانن کە ئێوە دۆستی باشتان لە کۆشکی سپی هەیە".

بڕیارە ئەمڕۆ مەسروور بارزانی راوێژکار ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، سیمینارێکی تایبەت لە دامەزراوەی بەناوودەنگی هیریتچ لە واشنتن پێشکەش بکات، کە یەکێکە لە سەنتەرە کاریگەرەکانی نزیک لە کۆمارییەکان. کە تێیدا روانگەی کوردستان لە بارەی عێراقی دوای شەڕی داعش و رزگارکردنی مووسڵ دەخاتەڕوو.