پێش یارییه‌كه‌ی ئه‌مشه‌و، بزانه له مێژووی یۆرۆپالیگ چی روویداوه
یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد له رێگه‌ی پرێمه‌رلیگه‌وه نه‌یتوانی بلیتی چامپیۆنزلیگ ببڕێت، بۆیه ئه‌مشه‌و ده‌یه‌وێت له ده‌رگه‌ی یۆرۆپالیگه‌وه هه‌نگاو به‌ره‌و خولی یانه پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌ورووپا بنێت.
بڕیاره ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، 24 ئایاری 2017، له ستۆكهۆڵمی پایته‌ختی سوێد یاریی كۆتایی یۆرۆپا لیگ له كاتژمێر 09:45 خوله‌كی شه‌و له نێوان ئه‌یاكس ئه‌مستردامی هۆڵه‌ندی و مانچێسته‌ر یونایتدی ئینگلیزی به‌ڕێوه بچێت.
یانه‌ی ئه‌یاكس ئه‌مستردام پێشتر جارێك ئه‌م ناسناوه‌ی له ساڵی 1992 بردۆته‌وه، به‌ڵام مانچێسته‌ر یونایتد یه‌كه‌مجاره به سه‌ركردایه‌تی خۆزێ مۆرینهۆ ده‌گاته یاریی كۆتایی یۆرۆپالیگ.
یانه‌ی ئه‌یاكس ئه‌م وه‌رزه پله‌ی دووه‌می خولی نێوخۆیی هۆڵه‌ندای به‌ده‌ستهێناوه و راسته‌وخۆ ناتوانێت به‌شداریی له چامپیۆنزلیگ بكات، به‌ڵكوو به‌شداریی له قۆناخی پاڵاوتنه‌كانی چامپیۆنزلیگ ده‌كات، به‌ڵام له ئه‌گه‌ری بردنه‌وه‌ی هه‌ر لایه‌كیان له یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ راسته‌وخۆ بۆ ركابه‌رییه‌كانی چامپیۆنزلیگی وه‌رزی داهاتوو سه‌رده‌كه‌ون.
گرینگ‌ترین ئامار و رووداوه مێژوویه‌كانی یۆرۆپالیگ
ـ گه‌وره‌ترین ئه‌نجام له یاری فایناڵ له ساڵی 2006 له یاریی نێوان (سێڤییا 4 ـ 0 میدلزبرۆ) بوو.
ـ زۆرترین گۆڵ له یارییه‌كی كۆتاییدا كه تۆمار كرا بێت له یاریی فایناڵی 2001 بوو (لیڤه‌رپوول 5 ـ 4 دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس).
ـ كه‌مترین گۆڵ له فایناڵی یۆرۆپالیگ له یاریی نێوان (گاڵاته‌سه‌رای 0 ـ 0 ئارسێناڵ) بوو له 2000، له‌گه‌ڵ (سێڤییا 0 ـ 0 بێنفیكا) له 2014.
ـ زۆرترین گۆڵ كه یاریزانێك له یاریی كۆتایی یۆرۆپالیگ تۆماری كرد بێت، رادمیل فاڵكاوی كۆلۆمبییه (3) گۆڵ.
ـ به ته‌مه‌نترین یاریزان كه به شداریی له یاریی فایناڵی یۆرۆپالیگ كردووه، (ئامیدۆ كاربۆنی) یاریزانی ڤالێنسیا له 2004 له ته‌مه‌نی 39 ساڵ و 43 رۆژی‌دا به‌شداریی یاری كۆتایی به‌رامبه‌ر مارسیلیا كرد.
ـ بچووكترین یاریزان كه له یاریی فایناڵ گۆڵی كردووه، یاریزانی به‌رازیلی یانه‌ی سیسكا مۆسكۆ ڤاگنه‌ر له‌ڤی به‌رازیلی بوو كه له ته‌مه‌نی 20 ساڵی له یاریی فایناڵ گۆڵی له دژی سپۆرتینگ لیسبۆنا تۆمار كرد.
ـ خێراترین گۆڵ له یۆرۆپالیگ، ماركۆس بابل یاریزانی یانه‌ی لیڤه‌رپوول له 2011 له دژی ئالاڤێسی تۆمار كرد.
له ساڵی 1971 بۆ یه‌كه‌مجار یۆرۆپالیگ به‌ڕێوه چوو، سه‌ره‌تا ناوی جامی فیدراسیۆنی ئه‌ورووپا بوو، دواتر له وه‌رزی 2009 ـ 2010 ئه‌م پاڵه‌وانییه‌تییه به فه‌رمی بووه خولی ئه‌ورووپی (یۆرۆپالیگ).