ناتۆ ده‌بێته ئه‌ندامى هاوپه‌يمانێتى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش
K24 – هه‌ولێر:
هاوكات له‌گه‌ڵ نزيكبوونه‌وه‌ى كۆتايى داعش په‌يمانى باكوورى ئه‌تڵه‌سى ناسراو به ناتۆ بڕياريدا به ره‌سمى ببێته ئه‌ندامى هاوپه‌يمانێتى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش.
ئه‌و بڕياره 28 وڵاتى ئه‌ندامى يه‌كێتييه‌كه له ئاستى باڵيۆزه‌كاندا په‌سنديان كردووه و ماوه‌ته‌وه بڕياره‌كه له لايه‌ن سه‌رۆكى ئه‌و وڵاتانه‌وه واژووى له‌سه‌ر بكرێت.
بڕياره سبه‌ى كۆبوونه‌وه‌ى لوتكه‌يى سه‌رانى وڵاتانى ناتۆ ئه‌نجامبدرێت و له‌و كۆبوونه‌وه‌يه ئه‌و پرسه يه‌كلا بكرێته‌وه.
كۆبوونه‌وه لوتكه‌ييه‌كه سبه‌ى پێنجشه‌ممه 25ى ئايار/ مايۆى 2017 له برۆكسل ئه‌نجامده‌درێت.
ئه‌مريكا ماوه‌ى ساڵێكه داواى ئه‌وه‌ى كردبوو، كه ناتۆ ببێته ئه‌ندامى هاوپه‌يمانێتييه‌كه‌ى له دژى داعش.
وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا ريك تيلرسن، رايگه‌ياند، ئه‌مريكا خوازياره ناتۆ به ره‌سمى بێته ناو هاوپه‌يمانێتييه‌كه‌وه.