بارزانی: گه‌لی كوردستان یارمه‌تیدانی فه‌ڕه‌نسا و سه‌ردانی ئۆلاند له‌ بیرناكات

باڵیۆزی فه‌ڕه‌نسا له‌ عێراق دوای كۆتاییهاتنی ئه‌ركه‌كه‌ی بۆ ماڵئاواییكردن سه‌ردانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ دیداری ماڵئاواییكردنی باڵیۆزی فه‌ڕه‌نسا له‌ عێراق، باسی ڕۆڵی فەڕەنسای لە شەڕی دژی تیرۆر و یارمەتیدانی گەلی كوردستان كردو گووتی " گەلی كوردستان سەردانی سەرۆك هۆڵاند لە سێپتەمبەری 2014 هەرگیز لەبیر ناكات كە لە كاتی تەنگانە و لە وەختی پەلاماری داعش بۆ سەر كوردستان ئەنجامی دا و ئەو سەردانەی بە كاریگەر و مێژوویی وەسف كرد."

هه‌روه‌ها سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، هیوای سەركەوتنی بۆ مارك بارێتی باڵیۆزی فەڕەنسا خواست لە ئەرك و كارەكانیدا.

له‌و دیداره‌دا كه‌ دۆمینیك ماس كونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێر ئاماده‌ی بوو و ئه‌مڕۆ دووشەممە 29/5/2017 به‌ رێوه‌چوو. مارك بارێتی باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق له‌ وتەیەكدا سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كرد كە پشتیوانی ئەرك و كارەكانی بوون و باسی لە سیاسەتی فەڕەنسا لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كرد و جەختی لە پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردەوە و ڕایگەیاند" فەڕەنسا لە شەڕی دژی تیرۆر و هەماهەنگی و هاوكارییە سەربازییەكانیشی بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت. باڵیۆزی فەرەنسا پێزانینیشی بۆ گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێم هەبوو كە لە بارودۆخێكی خراپدا باری قورسی حەواندنەوەی ئاوارەكانی لەسەر شانە. لەبارەی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا باڵیۆزی فەڕەنسا جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی ڕێز لە دیالۆگی نێوان هەرێم و بەغدا و ئەنجامی ئەو دیالۆگانە دەگرێت.

له‌ دیداره‌كه‌دا دوایین پێشڤەچوونە مەیدانییەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش لە موسڵ و شوێنەكانی تری عێراق تاوتوێ كرا.