خه‌ڵكی كوردستان له‌ سه‌ربه‌خۆیی پاشگه‌ز نابنه‌وه‌

سه‌روه‌ری و سه‌ربه‌خۆیی تاكه‌ گه‌ره‌نتی رزگاربوونی یه‌كجاری خه‌ڵكی كوردستانه‌

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود، سكرتێری گشتی حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان كرد.

له‌ دیدارێكی نێوانیاندا، ئه‌مڕۆ 1ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2017،  گفتوگۆ له‌باره‌ی په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی ناوچه‌كه‌ و ره‌وشی ناوخۆی كوردستان و ئه‌گه‌ر و پێشهاته‌كانی دوای كۆتایهاتنی شه‌ڕی داعش كرا. 

له‌ ئاماژه‌یه‌كدا بۆ پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان باس له‌وه‌كرا، كه‌ خه‌ڵكی كوردستان له‌و پرسه‌ پاشگه‌زنابێته‌وه‌، چونكه‌ سه‌روه‌ری و سه‌ربه‌خۆیی تاكه‌ گه‌ره‌نتی رزگاربوونی یه‌كجاری خه‌ڵكی كوردستان و دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و سته‌م و كاره‌ساته‌یه‌، كه‌ به‌سه‌ر كورد هێنراون.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ بایه‌خی كۆده‌نگی و یه‌كڕیزی هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان و به‌شداریكردنی هه‌مووان له‌ پرسه‌ نیشتمانی و چاره‌نووسسازه‌كان كرده‌وه‌ به‌ ئامانجی به‌دیهاتنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان و دابینكردنی ئاینده‌یه‌كی گه‌شتر بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو.

باسكردن له‌ رێكخستنه‌وه‌ی زیاتری هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌ مه‌به‌ستی ئاماده‌ و به‌هێزكردنی ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.