"هه‌ر منداڵێك ناوی ئایینیی هه‌یه ده‌بێت بیگۆڕێت"
K24 - هه‌ولێر:
منداڵه موسڵمانه‌كان له هه‌رێمی "شینجیانگ" له رۆژئاوای چین، ناچار ده‌كرێن ناوه "ئایینییه‌كانیان" بگۆڕن و ناچار ده‌كرێن بچنه ناو كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌كانی حزبی شیوعی و هاوسۆزیان له‌گه‌ڵیان هه‌بێت.
رۆژنامه‌ی"گاردیان" بریتانی له راپۆرتێكدا باسی له هه‌وڵه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و هه‌رێمه‌ی چین كردووه‌و نووسیوویه‌تی" له‌م ره‌مه‌زانه‌دا ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمه‌كه، هه‌موو ئه‌و منداڵانه‌ی ته‌مه‌نیان نه‌گه‌یشتووه‌ته 16 ساڵان ناچار كردوون ناوه‌كانیان بگۆڕن و پۆلیس ناوه ئایینییه‌كانی پۆلێن كردووه و به توندڕه‌وی "ئایینیی به‌ستوونه‌ته‌وه".
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی رادیۆی ئاسیای ئازاد، له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا 15 ناو كه له نێویاندا "ئیسلام، قورئان، مه‌ككه، جیهاد، ئیمام، سه‌دام، حاجی، مه‌دینه و عه‌ره‌فات" قه‌ده‌غه‌كراون".
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كه‌ناڵی سی ئێن ئێن، هه‌ڵمه‌ته‌كه بۆ سه‌ر ئه‌و هه‌رێمه به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌یه كه زیاتر له 10 ملیۆن موسڵمانی تێدا ده‌ژین.
له مانگی نیسانی رابردووش ده‌سه‌ڵاتدارانی چین، ژماره‌یه‌ك ناوی دیكه‌یان قه‌ده‌غه كردبوو كه هێما و ئاماژه‌ی ئایینی بوون و رێگه‌یان نه‌دا ئه‌و ناوانه له منداڵان بنرێت، به‌ڵام ئه‌م بڕیاره نوێیه ناچاركردنی ئه‌و منداڵانه‌یه كه ته‌مه‌نیان نه‌گه‌یشتووه‌ته 16 ساڵان و ئه‌وه‌ش ئه‌و ته‌مه‌نه‌یه كه هاووڵاتیانی چینی ناسنامه‌ی نیشتیمانییان بۆ درووست ده‌كرێت.