بارزانی و عه‌بادی له‌سه‌ر پرسه‌ سیاسی و ئه‌منی و ئابوورییه‌كان گفتوگۆ ده‌كه‌ن

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق به‌ رێگه‌ی ته‌له‌فۆن باسی هه‌ماهه‌نگی و یه‌كڕیزی بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا ده‌كه‌ن

K24 - هه‌ولێر:

بەگوێرەی راگەیەندراوی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان و ئۆفیسی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی نێوان مەسعود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابووریی وڵات و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ لە موسڵ و سەركەوتنەكانیان تاوتوێ كردووە و جەختیشیان لە بەردەوامیی هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە كردووەتەوە.

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ 2017 مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد".

سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان ئاشكرای كردووە: "لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابووریی وڵات و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ لە موسڵ و سەركەوتنەكان تاوتوێ كرا و جەختیش لە بەردەوامیی هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە كرایەوە بۆ ئازادكردنی ئەو ناوچانەی كە ماون و هەروەها لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش".

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان ھاتووە: "هەروەها لەپێناو دووركەوتنەوە لە هەموو ئەو بابەتانەی بە خەراپی كاریگەری لەسەر دەستكەوت و سەركەوتنەكانی دژی تیرۆریستان دەكەن و بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری لەناوچە ئازادكراوەكان جەخت لە بایەخی یەكڕیزی كرایەوە".

ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە: "لەم پەیوەندییەدا بەردەوامبوونی دیالۆگ و لێكتێگەییشتن بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكان دووپاتكرایەوە".

ھەر لەبارەی پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان بارزانی و عەبادی نووسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند: "له‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌دا، باسی سه‌رجه‌م پرسه‌ سیاسی و ئه‌منی و ئابوورییه‌كان كراوه‌، هه‌روه‌ها چۆنییه‌تی به‌رێوه‌چوونی جه‌نگی موسڵ و ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی به‌ ده‌ست هاتوون خراونه‌ته‌ به‌رباس و گفتوگۆ.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی ئۆفیسی میدیایی حه‌یده‌ر عه‌بادیدا هاتووه‌" "له‌و گفتوگۆ ته‌له‌فۆنییه‌دا به‌رده‌وامیی هه‌ماهه‌نگی باڵای كه‌رته‌ سه‌ربازییه‌كان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بۆ رزگاركردنی ته‌واوی قه‌زاو ناوچه‌كانی دیكه‌ی تا ئێستا له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش ماون قسه‌یان له‌باره‌وه‌ كراوه‌".

هه‌روه‌ها به‌ گوێره‌ی ئۆفیسی میدیایی عه‌بادی، هه‌ر دوولا ته‌ئكیدیان له‌سه‌ر گرنگیی یه‌كڕیزی نێوانیان كردووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هیچ شتێكی دیكه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنه‌كان نه‌كات. چونكه‌ هێزه‌كان له‌ سه‌ركه‌وتنی كۆتایی به‌سه‌ر تیرۆر و سه‌قامگیركردنی ناوچه‌ رزگاركراوه‌كان نزیكبوونه‌ته‌وه‌. ئه‌وه‌ش پێویستیی به‌ كۆششی زیاتر هه‌یه‌ له‌و بواره‌دا.