پارتی نوێنه‌ری خۆی بۆ كۆمیته‌ی ریفراندۆم و رۆژێك بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی دیاری ده‌كات

ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سعود بارزانی له‌ كۆبوونه‌وه‌دان

K24 - هه‌ولێر:

په‌یامنێری كوردستان24 له‌ هاوینه‌هه‌واری پیرمام رایگه‌یاند، ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سعود بارزانی كۆبوونه‌ته‌وه‌ و پرسی دیاریكردنی نوێنه‌رێك بۆ كۆمیته‌ی ریفراندۆم و بڕیاری لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ هه‌رێمی كوردستان، ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌كه‌یه‌".

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری كوردستان24 ، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ پارتی رۆژێك بۆ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانیش دیاری ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رباره‌ی نه‌خشه‌ رێگایه‌ی یه‌كێتی و گفتوگۆكردن ده‌رباره‌ی پرسه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیش ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌یه‌ و له‌ باره‌ی دوایین سه‌ردانی شانده‌ باڵاكه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ رووسیا و ئه‌نجامدانی گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كان له‌گه‌ڵ كۆمپانیای رووس نه‌فت روونكردنه‌وه‌ ده‌داته سه‌رۆك و به‌رپرسانی حزبه‌كه‌ی.

جگه‌ له‌وه‌ پرسی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و ئاماده‌كارییه‌كانی ئه‌م قۆناغه‌ نوێیه‌ و هه‌لومه‌رجی كوردستان و ناوچه‌كه‌ و جیهان له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تاوتوێ ده‌كرێت.