بارزانی: له‌ عێراقدا هەمیشە بە نکۆڵیکاری و پەراوێزخستن و چەوساندنەوە وەڵامی كورد دراوەتەوە

حزبێكی عێراق پشتیوانیی خۆی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەربڕی

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ میانی پێشوازیكردنی له‌ شاندێكی باڵای حزبی كۆنگره‌ی نیشتمانی عێراقی رایگه‌یاند، گەلی کوردستان هەموو ڕێگەکانی بۆ هاوکاری و پێکەوەژیان لەچوارچێوەی عێراقدا تاقی کردۆتەوە و هەمیشە بە نکۆڵیکاری و پەراوێز خستن و چەوساندنەوە وەڵامی دراوەتەوە.

بارزانی دووپاتیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌، ئێستا گەلی كورد دەیەوێ رای خۆی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڵێت و بە ڕێگەی ئاشتییانە و دیالۆگ و لێکتێگەیشتن داوای مافەکانی خۆی دەکات.

شاندی باڵای حزبی كۆنگره‌ی نیشتمانی  پێكهاتبوو لە ئاراس حەبیب کەریم سکرتێری گشتیی حزب و نووری بەدران، هانی ئیدریس، لەیس شیر و جەمیل محەمەد ئەندامانی سەرکردایەتی ئه‌و حزبه‌.

شانده‌كه‌ له‌و كۆبوونه‌یه‌دا رایانگەیاند، دوای کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو ئەحمەد چەلەبی حزبەکەیان بە قۆناخی سەختدا تێپەڕی بەڵام توانیویانە ئاستەنگەکان تێپەڕێنن.

هه‌روه‌ها پشتیوانیی خۆیان بۆ مافی ڕەوای دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کوردستان و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەربڕی و ئامادەیی خۆیان بۆ هەموو جۆرە پشتیوانییەک بۆ سەرکەوتنی زیاتری پڕۆسەکە خستەڕوو.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ڕۆشنایی خرایە سەر ئاییندەی سیاسیی عێراق و هەڵبژاردنەكان و مەترسیی نەمانی تەوافوق و شەراكەت و هەروەها ئەو تەحەدیاتەی كە لە قۆناغی داهاتوودا ڕووبەڕووی عێراق و ناوچەكە دەبنەوە. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر هەماهەنگی و پەیوەندی و ڕاوێژی بەردەوام لەمەڕ پێشهاتە سیاسییەكان.

هه‌ریه‌ك له‌ فازڵ میرانی سكرتێر و مەحمود محەمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دیدارەكەدا ئامادەبوون و بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و شەڕی دژی تیرۆریستان لە موسڵ و قۆناغی دوای داعش ئاڵوگۆڕ كرا.