بایرن میونشن بۆ گواستنه‌وه‌ی كریستیانۆ هاته سه‌رهێڵ
له ماوه‌ی دوو رۆژی رابردوو داهاتووی كریستیانۆ زیاتر به یانه‌كانی پاریس سانجێرمان و مانچێسته‌ر یونایتد به‌سترابووه‌وه، به‌ڵام ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دوو یانه‌ی دیكه‌ش به گرێبه‌ستی خه‌یاڵی بۆ گواستنه‌وه‌ی كریستیانۆ هاتنه سه‌رهێڵ.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، 18 حوزه‌یرانی 2017، پێگه‌ی ده‌یلی ئێكسپرێسی بریتانیا ئاشكرای كردووه كه رۆمان ئه‌برامۆڤیچی ملیاردێری رووسی بڕیاریداوه به گرێبه‌ستێكی خه‌یاڵی هه‌وڵ بۆ گواستنه‌وه‌ی كریستیانۆ بدات.
ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش كراوه كه سه‌رۆكی یانه‌ی چێڵسی ئاماده‌یه له پێناو گواستنه‌وه‌ی كریستیانۆ، ئیدین هازارد پێشكه‌شی ریال مه‌درید بكات.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه، ئه‌مڕۆ پێگه‌ی بیڵدی ئه‌ڵمانیا له راپۆرته هه‌واڵێكدا رایگه‌یاند كه ئیداره‌ی یانه‌ی بایرن میونشن، كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنه‌ری بۆ رازیكردنی كریستیانۆ راسپاردووه، به‌وپێیه‌ی پێشتر راهێنه‌ر ئیتاڵیاییه‌كه له ریال مه‌درید سه‌رپه‌رشتی كریستیانۆی كردووه.
كریستیانۆ رۆناڵدۆ له هاوینی 2009 له یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتده‌وه روویكرده ریال مه‌درید له‌گه‌ڵ یانه ئیسپانیاییه‌كه سه‌رجه‌م ناسناوه‌كانی بردۆته‌وه و 3 جاریش خه‌ڵاتی تۆپی زێرینی به‌ده‌ستهێناوه.