مەسروور بارزانی: هەنگاوەکانمان بەرە و ریفراندۆم دەستووری و ئاشتییانەن

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق كۆبووه‌وە

K24 – ھەولێر:

نیوەڕۆی ئەمڕۆ مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەگه‌ڵ یان کۆبیش نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق كۆبووه‌وە.

له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا دواپەرەسەندنەکانی ناوچەکە خرانە بەر باس و لە پەیوەندی بە ویستی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم شاندی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیان لە سەر ئەوە کردەوە کە ئەوان پاڵپشتی لە ئەنجامدانی گفتوگۆی کارای نیوان هەولێر و بەغدا دەکەن، لە هەر دوو قۆناغی پێش ریفراندۆم و دوای ریفراندۆم و ئاواتی خواست کە بە شیوەیەکی ئاشتییانە گشت کێشەکان چارەسەر بکرێن.

لە بەرامبەردا راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەریمی کوردستان جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە ریفراندۆم میکانیزمێکی دیموکراسیانەیە بۆ زانینی ویستی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و لە ئێستا و ئاییندەشدا کوردستان بەشێک دەبێت لە فاکتەری چارەسەریی ئاشتییانە کێشەکانی دەڤەرەکە.

دووپاتیشی كرده‌وه‌، بۆ پرسی ریفراندۆم رێکاری دەستووری گیراوەتەبەر، چونکە بە پێی دەستووری عێراق پێگیری نەکردنی بەغدا بە دەستوور ئەم دەرگایە بۆ گەلی كورد واڵاکردووە کە بڕیار لە سەر چارەنووسی خۆی بدات.

مه‌سروور بارزانی گوتیشی: "بەردەوام دەبین لە دیالۆگێکی ئاشتییانە و بنیاتنەر بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک کە رێز لە خواست و ویستی هاووڵاتیان بگیرێت".